Erbil 3°C سێشەممە 07 کانوونی دووەم 05:46

حکوومه‌تى هه‌رێم جه‌خت له‌ دیالۆگ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له‌گه‌ڵ عیراق ده‌کاته‌وه‌

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سوپاسى سه‌رۆكایه‌تیى كۆمارى توركیا و ده‌زگاى به‌هاناوه‌چوونى ئافادى توركى كرد
کوردستان TV
100%

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ى ئاساییى خۆى ئه‌نجام دا و پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ كه‌سوكارى قوربانیانى بوومه‌له‌رزه‌كه‌ى شه‌وى ڕابردوو له‌ سنوورى هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان و ناوچه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێران كرد، هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ى بۆ برینداران خواست.


پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13/11/2017، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، كۆبوونه‌وه‌ى ئاساییى خۆى ئه‌نجام دا.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ كه‌سوكارى قوربانیانى بوومه‌له‌رزه‌كه‌ى شه‌وى ڕابردوو له‌ سنوورى هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان و ناوچه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێران كرد و هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ى بۆ برینداران خواست، تیمێكى به‌په‌له‌یشى دروست كرد بۆ به‌هاناوه‌چوونى لێقه‌وماوان، سوپاسى داموده‌زگاكانى حكوومه‌تى له‌ ناوچه‌كه‌ كرد بۆ به‌هاناوه‌چوونى لێقه‌وماوان، هه‌روه‌ها سوپاسى سه‌رۆكایه‌تیى كۆمارى توركیا و ده‌زگاى به‌هاناوه‌چوونى ئافادى توركى كرد كه‌ هاوكارى و تیمێكى فریاگوزارییان بۆ هاوكاریى لێقه‌وماوان ناردووه‌، داواى كرد حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵیش وه‌ك پیویست به‌پیر لێقه‌ومانه‌وه‌ بێت.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ خوازیاره‌ هه‌موو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگێكى جددییه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات، نیگه‌رانیى خۆیشى نیشان دا كه‌ حكوومه‌تى فیدراڵ وێڕاى ئه‌وه‌ى باس له‌ پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستووره‌ ده‌كات، به‌ڵام له كرداردا وا نییه‌ و هه‌نگاوى ناده‌ستوورى به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێم ده‌گرێته‌ به‌ر، وه‌ك پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى عێراقى فیدراڵ بۆ ساڵى 2018 و كه‌مكرده‌وه‌نه‌ى بودجه‌ى هه‌رێم،  به‌كارهێنانى ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كى فیدراڵى هه‌ڵده‌وشێنێته‌وه‌ و چه‌ندین بڕیار و ڕێكارى دیكه‌ى ناده‌ستوورى به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمى كوردستان.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌ختى له پێویستى و گرنگیى یه‌كڕیزیى ناوخۆیى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ بۆ تێبه‌ڕاندنى دۆخى ئه‌مڕۆى سیاسى و ئابوورى، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ سه‌ردانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.