Erbil 10°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 20:14

په‌رله‌مانی کوردستان 9/25 بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم په‌سند ده‌کات

دانیشتنی نائاساییی په‌رله‌مان تایبه‌ت به‌پرسی ریفراندۆم و مافی چاره‌ی خۆنووسین به‌ڕێوه‌چوو
کوردستان TV
100%

سه‌عات 7ی ئێواره‌ی 15/9/2017، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، دانیشتنی نائاساییی په‌رله‌مان تایبه‌ت به‌پرسی ریفراندۆم و مافی چاره‌ی خۆنووسین به‌ڕێوه‌چوو كه‌له‌سه‌ر داوای رێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و 68 په‌رله‌مانتار ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌بوون.

سه‌ره‌تای دانیشته‌كه‌ به‌ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان به‌بێده‌نگی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی رێگای رزگاریی كوردستان ده‌ستیپێكرد. بۆ پركردنه‌وه‌ی شوێنی سكرتێری په‌رله‌مان تایبه‌ت به‌دانیشتنه‌ نائاساییه‌كه‌، به‌پێی ماده‌ى (6) له‌په‌یڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی دانیشتنه‌كه‌ پێشنیازكرا خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان وه‌ك سكرتێری كاتیی په‌رله‌مان ده‌ستنیشان بكرێت و ئه‌و پێشنیازه‌شى به‌تێكڕای ده‌نگی ئه‌ندامانی ئاماده‌بوو په‌سندكرا.

پاشان جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌وته‌یه‌كی كورتدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌خوازیاربوون ئه‌و دانیشتنه‌ نائاساییه‌ به‌ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌تایبه‌تی فراكسیۆنه‌كانی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئه‌نجام درابایه‌، به‌ڵام دانیشتنه‌كه‌ی به‌سه‌ره‌تایه‌كی باش زانی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی په‌رله‌مانی كوردستان.

هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌رۆڵی شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانی كوردستان كرد كه‌به‌خوێنی خۆیان پارێزگارییان له‌كوردستان كردو رۆلی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستانى له‌به‌رگریكردن له‌خاكی كوردستان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستانی داعش به‌رزنرخاند، هه‌روه‌ها سڵاوى بۆ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ناردو رۆلی ئه‌وانی له‌گه‌یشتن به‌و رۆژه‌ به‌رزنرخاند.

هه‌روه‌ها سوپاسى هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانى كرد بۆ ئه‌و رۆڵه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ له‌پاراستنی كوردستان و شه‌ڕی دژ به‌ داعش نواندییان و په‌یامێكیشی ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا كردو رایگه‌یاند: "حه‌زده‌كه‌ین په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا ئاسایی بێت و زمانی هه‌ره‌شه‌كردن جگه‌ له‌خزمه‌تكردن به‌داعش و دوژمنانی عێراق  خزمه‌ت به‌هیچ لایه‌كی دیكه‌ ناكات".

دواتر سكرتێری كاتیی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و رۆژه‌ی به‌رۆژێكی مێژوویی بۆ گه‌له‌كه‌مان له‌قه‌ڵه‌مدا كه‌تونرا دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ زۆره‌ په‌رله‌مانی كوردستان كارابكرێته‌وه‌و بۆ پرسێكی ئاوا گرنگ و چاره‌نووسساز كۆببێته‌وه‌.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی دانیشتنه‌كه‌دا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، وه‌ك سه‌رۆكی دانیشتنه‌كه‌ داوای له‌لیژنه‌ی كاروباری یاسایی په‌رله‌مان كرد بێنه‌ شوێنی تایبه‌ت به‌مه‌به‌ستی راوێژكردن ده‌رباره‌ی  داڕشتنه‌وه‌ی یاسایی خاڵه‌كانی پرۆژه‌ی راسپارده‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئه‌نجامادانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.

پاشان له‌لایه‌ن سه‌رۆك و نوێنه‌ری فراكسیۆنه‌كانی ئاماده‌بوو له‌دانیشتنه‌كه‌دا، وتارى فراكسیۆنه‌كان خوێندرایه‌وه‌و تیایدا باسیان له‌پێویستیی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و رۆل و هه‌وڵى هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌نزیككردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان و یه‌كخستنه‌وه‌ى نێو ماڵی كورد به‌رزنرخێندراو جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی به‌شداریی سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان له‌دانیشتنه‌كان كرایه‌وه‌و پشتیوانیی خۆیان بۆ پرسی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دووپاتكرده‌وه‌و رۆلی قاره‌مانانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌پارێزگاریكردن له‌خاكی كوردستان  به‌رزنرخێندرا.

هه‌روه‌ها به‌شێك له‌په‌رله‌مانتاران داواشیانكرد دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان له‌ئاینده‌دا به‌رده‌وام بن و پێشنیازیشكرا دانیشتنی داهاتوو ده‌رباره‌ی پێداچوونه‌وه‌ به‌سیستمی مووچه‌و سیستمی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ بێت.

دوای وه‌رگرتنی رای سه‌رۆك و نوێنه‌ری فراكسیۆنه‌كانی ئاماده‌بوو له‌دانیشتنه‌كه‌دا، له‌سه‌ر داوای ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كه‌، په‌رله‌مانتار ڤالا فه‌رید سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان ته‌واوی خاڵه‌كانی پرۆژه‌ی راسپارده‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان  بۆ په‌رله‌مانتاران خوێنده‌وه‌و دواتر خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و له‌كۆی 68 په‌رله‌مانتار به‌ده‌نگی 65 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا.

راسپارده‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 5 خاڵ پێكهاتوون و به‌مشێوه‌یه‌ بوون:

یه‌كه‌م: په‌رله‌مانی كوردستان كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی راده‌سپێرێت كه‌ڕۆژی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی (25/09/2017) له‌هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، راپرسی بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئه‌نجام بدات.

دووه‌م: په‌رله‌مانی كوردستان سه‌رجه‌م ئه‌و رێككارانه‌ په‌سه‌ند ده‌كات كه‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی و گشت لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گرتوویانه‌ته‌به‌ر بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم.

سێیه‌م: كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی، سه‌باره‌ت به‌میكانیزمه‌ یاساییه‌كانی به‌رێوه‌بردنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان پشت ده‌به‌ستێت به‌یاسای هه‌ڵبژاردنی  په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ی (1)ی ساڵی (1992)ی هه‌مواركراو، هه‌روه‌ها یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی ژماره‌ی (4)ی ساڵی (2014)، هه‌ر یاسایه‌كی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار.

چواره‌م: په‌رله‌مانی كوردستان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان سه‌رپشك ده‌كات بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌ر رێكارو بریارێك بۆ ده‌سته‌به‌ری مافی چاره‌نووس و ته‌واوی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان، به‌جۆرێك له‌پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كاندا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسیش راده‌سپێرێت بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌م لایه‌نانه‌.

پێنجه‌م و كۆتایی: ئه‌و راسپاردانه‌ی له‌خاڵه‌كانی سه‌ره‌وه‌دا هاتوون، تایبه‌تن به‌ڕیفراندۆمی راگه‌یاندراو له‌ 25/09/2017.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.