Erbil 13°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 17:18

ئه‌نجومه‌نی باڵای ڕیفراندۆم: ڕۆژی 25ی ئه‌یلوول ڕۆژی یەکلاییبوونەوەی چارەنووسی گەلی کوردستانه‌

پەیامی لیژنەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ ڕای گشتیی
ڕیفراندۆم
کوردستان TV
100%

لیژنه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ڕیفراندۆم په‌یامێكی بۆ ڕای گشتی بڵاوده‌كاته‌وه‌ و له‌میانه‌دا جه‌خت له‌ ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ڕۆژی 25ی ئه‌یلوول ڕۆژی یەكلاییبوونەوەی چارەنووسی گەلی كوردستانه‌ .

له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌يدا هاتووه‌"ئێستا گەلی كوردستان ترسی لە داهاتوو هەیە، بۆیە بڕیاری داوە ڕێگەی خۆی بگرێتەبەر و كۆتایی بە ژیانی ئارەزوومەندانە بهێنێت لەگەڵ دەوڵەتێك كە سەد ساڵ ئازاری داوە. هیچ ڕێگەیەكی تر لەبەردەم گەلی كوردستاندا نەماوە جگە لە سەربەخۆیی كە مافێكی بنچینەیی هەموو گەلێكە".

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:-

پەیامی لیژنەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ ڕای گشتیی

هاووڵاتیانی خۆشەویست

جەماوەری سەربەرزی كوردستان

بیست و پێنجی ئەیلوولی 2017 ڕۆژی یەكلاییبوونەوەی چارەنووسی گەلەكەمانە لە كوردستان. ڕۆژی پیشاندانی ویست و ئیرادەی ڕاستەقینەی هاووڵاتیانە بۆ دیاریكردنی چارەنووس. دەنگی هەموومان دەنگی بەڵێ دەبێت بۆ سەربەخۆیی و كۆتاییهێنان بە پاشكۆیەتی كە ماوەی سەد ساڵە بە زۆر بەسەر گەلی كوردستاندا سەپێندراوە.

لە سەد ساڵی ڕابردوودا ئێمە ئینكار كراین، جینوساید و ئەنفال كراین و هەوڵی توانەوەمان درا، بەڵام بە خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی بێ شومار گەلی كوردستان بە زیندوویی مایەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر بوو.

دەنگی ئاشتیخوازی و هەموو هەوڵێكی گەلی كوردستان بۆ ژیانی هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بێ ئەنجام بوو و تێكشكێندرا. دەركەوت لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و بنیاتنانی عێراقی تازەیش فەرهەنگی بەپاشكۆدیتنی كوردستان و پشتگوێخستنی شەراكەت لە دەوڵەتی عێراقدا باڵادەستە. گەلی كوردستان بەشدار بوو بۆ دووبارەبنیاتنانەوەی عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵیەت و دەستوور و شەراكەت و تەوافوق بەڵام سەرجەم ئەو بنەمایانە پێشێل كران و لەبری دەوڵەتی مەدەنی، دەوڵەتی تاییفی و لۆژیكی زۆرینە و خۆسەپاندن هاتە كایەوە. لەبری پاراستنی گەلی كوردستان، دەوڵەتی عێراق قووتی خەڵكی بڕی و بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی پێشمەرگەی كرد.

ئێستا گەلی كوردستان ترسی لە داهاتوو هەیە، بۆیە بڕیاری داوە ڕێگەی خۆی بگرێتەبەر و كۆتایی بە ژیانی ئارەزوومەندانە بهێنێت لەگەڵ دەوڵەتێك كە سەد ساڵ ئازاری داوە. هیچ ڕێگەیەكی تر لەبەردەم گەلی كوردستاندا نەماوە جگە لە سەربەخۆیی كە مافێكی بنچینەیی هەموو گەلێكە.

سەربەخۆیی كوردستان هەڵگری پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و دراوسێتی و بووژانەوەیە. سەربەخۆیی بۆ ڕێگەگرتنە لە دووبارەبوونەوەی نەهامەتی و كارەساتەكان. بۆ ئەوەیە ئاشتی بەرقەرار بێت و دۆستایەتی و برایەتی لەگەڵ گەلانی ناوچەكە قووڵتر ببێت. بۆ ئەوەیە گەلی كوردستان پێش بكەوێت و ببێتە بەشێك لە كاروانی مرۆڤایەتی.

لە ڕۆژی بیستوپێنجی ئەیلوول دەنگی گەلی كوردستان دەنگی بەڵێ دەبێت بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی كوردستان كە لەسەر بنەمای پرەنسیپەكانی دیموكراسی و سەردەمیانەدا بنیات دەنرێت. دەوڵەتی كوردستان دەوڵەتی هاووڵاتی و پێكەوەژیان و ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی بیروڕا دەبێت. لە دەوڵەتی كوردستاندا یەكسانی سیاسی و یاسایی و مەدەنی لەنێوان هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بەرقەرار دەبێت.

ئێمە هەموومان دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەین و دەنگی گەلی كوردستانیش دەنگی ئاشتی و ژیان دەبێت. دەنگ دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان بپارێزین و ژیانمان لە دەستی خۆمان بێت. دەنگ دەدەین بۆ ئەوەی باشتر ڕووبەڕووی تیرۆر و هزری توندڕۆیی و شۆڤینیەتدا بێینەوە. دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەنگدانە بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەل. دەنگدانە بۆ نەوەكانی داهاتوو، دەنگدانە بۆ ئاسوودەیی و پێكەوەژیان و ئاشتی.

هەموومان بە بەڵێ دەنگ دەدەین بۆ سەربەخۆیی كوردستان. داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەین بەوپەڕی گیانی تەبایی و بەشێوەیەكی سەردەمیانە گوزارشت لە ویستی خۆیان بكەن بۆ سەربەخۆیی و، لە هەڵمەتی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆمدا هێمنی و ئارامیی پڕۆسەكە بپارێزن و پابەندی ڕێنماییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بكەن.

لیژنەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم

كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.