Erbil 31°C سێشەممە 20 تشرینی یەکەم 14:00

سعوودیە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "داڤۆسی بیابان"ی بۆ ساڵی داهاتوو دواخست

100%

شانشینی عەرەبیی سعوودیە بڕیاری دواخستنی خولی 10ـیەمی کۆنفرانسی "دەستپێشخەریی داهاتووی وەبەرهێنان"ی ناسراو بە "داڤۆسی بیابان" بۆ ساڵی 2027 ڕاگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیار بوو ئەم کۆنفرانسە ئابوورییە گەورەیەی جیهان لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە شاری ڕیاز ساز بکرێت، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان و هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر وڵاتەکە کارەکانی هەڵپەسێردرا.

مەها کچی میشاری بن عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی دەستپێشخەریی داهاتووی وەبەرهێنان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، بڕیاری دواخستنەکە لە سۆنگەی پابەندبوونی دامەزراوەکەیە بەرامبەر بە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، ئەندامان، گوتاربێژان و بەشداربووان، هەروەها لەپێناو ئەوەیە خولی دەیەمی لوتکەکە بە دروشمی "هێزی میرات" بە شێوازێکی ناوازە و شایستە بە پێگەی جیهانیی کۆنفرانسەکە بەڕێوەبچێت. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە بەمزووانە وادەی نوێی کۆبوونەوەکە لە ساڵی 2027 ئاشکرا دەکرێت و سەرجەم هاوبەشی و ناونووسینە هەنووکەییەکان وەک خۆیان بە کارایی دەمێننەوە.

ئەم کۆڕبەندە نێودەوڵەتییە بڕیار بوو لە ماوەی نێوان 26 تاوەکو 29ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە ڕیازی پایتەخت ئەنجام بدرێت، بەڵام بڕیاری پاشەکشێ لە بەڕێوەچوونی لە کاتێکدا هات کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا سنوورەکانی سعوودیە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی چڕی هێرشی مووشەکی و درۆنی بوونەتەوە لەلایەن چەکدارانی حوسی (ئەنساروڵڵا)، لە میانی پێکدادانەکاندا چەندین ناوەندی هەستیاری مەدەنی، سەربازی و ژێرخانی وزە لەوانە بارەگای کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ڕیاز کرابوونە ئامانج.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.