دەسەڵاتدارانی یۆنان ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە دەریای ئیجە، لانیکەم 12 کۆچبەر خنکاون کە منداڵێک و چەندین ئافرەتی تێدایە.
ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەسەڵاتدارانی وڵاتی یۆنان بڵاویان کردەوە: لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ئیجەدا، بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێکی کۆچبەران و پێکدادانی لەگەڵ کەشتییەکی پۆلیسدا، لانیکەم 12 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و تەرمی شەشیان دۆزراوەتەوە.
بەرپرسێکی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان بە ئاژانسی "فرانس پرێس" (AFP)ـی ڕاگەیاند، لە نێو ئەو شەش کەسەی لە نزیک دوورگەی "لێسبۆس" بەهۆی پێکدادانەکەوە گیانیان لەدەستداوە، کۆرپەیەک و چوار ئافرەت هەن.
پاسەوانی کەناراوەکان ئاماژەی بەوەش کرد، شەش کۆچبەرەکەی دیکە پێکهاتبوون لە پێنج پیاو و ئافرەتێک کە لەسەر بەلەمێکی بچووک بوون و لە نزیک دوورگەی "سامۆس" ژێرئاو کەوتووە، هاوکات (14) کەسی دیکەی سەر ئەو بەلەمە ڕزگار کراون کە گومانی ئەوە دەکرێت یەکێکیان ڕێکخەری گەشتەکە بێت.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم (1209) کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا لە کاتی کۆچکردندا خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.