بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، بە مەبەستی پاراستنی مافی نەخۆش و ڕێکخستنی کاروباری ڕاگەیاندن لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداو و حاڵەتەکان، چەند ڕێنماییەکی نوێی بۆ سەرجەم نەخۆشخانە و بەشەکانی فریاکەوتن دەرکرد.
بەپێی ئەو گشتاندنەی کە لەلایەن د. دڵۆڤان محەمەد فاتح جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێرەوە واژۆ کراوە، هاتووه:
نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بدرێت بۆ ئەنجامدانی دیدار یان ڕاپۆرت لەناو نەخۆشخانەکان، چونکە ئەم کارە دەبێتە هۆی بێزارکردنی نەخۆش و تێکدانی ڕەوتی چارەسەرکردن.
هەر ڕووداوێکی نەخوازراو یان حاڵەتێک کە پێویستی بە ڕاگەیاندن هەبێت، تەنها لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی تەندروستییەوە دەبێت و پێویستە ڕەزامەندیی پزیشکی پسپۆڕ وەربگیرێت.
لە کاتی ڕووانی هەر ڕووداوێکی فریاکەوتندا، پێویستە لە ماوەی 24 کاتژمێردا، بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکان بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاگادار بکەنەوە بۆ دابینکردنی زانیاری و ئاماری ورد.
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە هەر جۆرە زانیاری و ڕووماڵێک دەبێت تەنها لە ڕێگەی فەرمی و بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنەوە ئەنجام بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.