Erbil 31°C پێنجشەممە 15 تشرینی یەکەم 13:57

سی ئێن ئێن: ئەمریکا بەدواداچوون بۆ بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" دژی دامەزراوەکانی ئێران دەکات

100%

کەناڵی "سی ئێن ئێن" لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای کردووە، سوپای ئەمەریکا خەریکی داڕشتنی پلانی نوێیە بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە وزەیی و ناوکییەکانی ئێران، لە نێوان ئەو پلانانەشدا ئەگەری بەکارهێنانی بۆمبی (MOAB) ناسراو بە "دایکی بۆمبەکان" - کە بە بەهێزترین بۆمبی نائەتۆمی ئەمەریکا دادەنرێت - تاوتوێ دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرچاوە ئاگادارەکان بە کەناڵەکەیان داوە، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی پێ بکات، ئەم پلانانە دەکرێت پێش یان پاش هەڵبژاردنە ناوەندییەکانی کۆنگرێس جێبەجێ بکرێن. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ترەمپ فەرمانی داوە پلان بۆ ژمارەیەکی زیاتری ئامانجەکان لە ئێران دابڕێژرێت، بەتایبەت ژێرخانی وزە، بە مەبەستی ئەوەی دوای هێرشەکان، ئەمەریکا ڕاگەیاندنی سەرکەوتن بکات و هێزەکانی لە ناوچەکە بکشێنێتەوە.

سەرەڕای ئەو پلانانە، بەرپرسانی سەربازی گومانیان لە کارایی "دایکی بۆمبەکان" هەیە بۆ لەناوبردنی ئامانجە ناوکییەکان. بە گوتەی ئەوان، ئەو بۆمبە هەرچەندە هێزی تەقینەوەی زۆرە، بەڵام بۆ تێکشکاندنی دامەزراوە قووڵ و ژێرزەمینییەکان دروست نەکراوە و ڕەنگە نەتوانێت بنکە ناوکییە بەهێزکراوەکانی ئێران لەناو ببات.

بەشێک لە بەرپرسانی ئەمەریکی پێیان وایە بەکارهێنانی ئەم بۆمبە زیاتر لایەنێکی دەروونی دەبێت و دەرفەتێک بۆ ترەمپ دەڕەخسێنێت کە بەبێ ئەوەی شەڕێکی فراوان دەست پێ بکات، لە دۆخەکە بە سەرکەوتوویی بێتە دەرەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیاری سی ئێن ئێن-دا خۆی لە لێدوان لەسەر پلانە سەربازییەکان بوارد، بەڵام جەختی کردەوە کە ترەمپ هەموو بژاردەکانی لەسەر مێز هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ناوکی ناگات.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.