ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) ڕەخنەی لە شێوازی بانگهێشتکردنی میوانان لەلایەن دامەزراوەی "مێری" گرت بۆ پرسەکانی تایبەت بە ڕۆژئاوای کوردستان، هاوکات ستایشی بەدواداچوونی بارەگای بارزانی کرد بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو کەموکوڕییە و ڕێزگرتن لە فرەیی سیاسی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: ئەو بانگهێشتنامانەی لەلایەن دامەزراوەی "مێری" بۆ میوانداریکردنی کەسایەتی و ئەکادیمییەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە سووریا ئاراستە دەکرێن، پێویستە لەسەر بنەمای گشتگیری و هاوسەنگی بن و تەواوی لایەنە سیاسییەکان بگرنەوە بەبێ جیاکاری و پەراوێزخستن، کە لە پێشەنگیاندا ئەنەکەسە و پارت و هێزە سیاسییەکانی دیکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "پشتگوێخستنی لایەنێکی سیاسیی سەرەکی کە ئامادەیی و ڕۆڵی لە نوێنەرایەتیکردنی خواستی گەلی کوردماندا هەیە، پەیامی نەرێنی بۆ ڕای گشتیی کورد دەنێرێت و خزمەت بە یەکڕیزی و دیالۆگی بەرپرسیارانە ناکات، ئەگەر ئامانجەکەش ئەکادیمی و زانستییە، ئەوا شیاوتر بوو کە بانگهێشتنامەکان هاوسەنگ بن و دەرفەت بۆ سەرجەم دیدگە و بۆچوونە جیاوازەکان بڕەخسێنن".
ئەنەکەسە پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی بارەگای بارزانی نیشان دا و ڕایگەیاند: "دەستخۆشی لە گرنگیدان و بەدواداچوونی بارەگای بارزانی دەکەین بۆ ئەم پرسە و پەرۆشییان بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم هەڵەیە، هاوکات جەخت دەکەینەوە کە پرسی کورد گەورەترە لەوەی لە یەک لایەندا کورت بکرێتەوە".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریادا هاتووە، کە خزمەتکردنی گەلی کورد پێویستی بە ڕێزگرتنە لە فرەیی سیاسی و دەستەبەرکردنی بەشداریی هەمووان بەبێ پەراوێزخستن و سڕینەوەی هیچ لایەنێک.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.