Erbil 31°C دووشەممە 12 تشرینی یەکەم 00:47

جیبۆتی.. بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران زیاتر لە 220 کەس خنکان و بێسەروشوێن بوون

100%

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ ڕایگەیاند، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک کەناراوەکانی جیبۆتی کە بەرەو یەمەن بەڕێکەوتبوو، لانیکەم 109 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە کە 15ـیان منداڵن و نزیکەی 116 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: بەپێی گێڕانەوەی ڕزگاربووان، لە شەوی هەشت لەسەر نۆی تشرینی یەکەم، بەلەمێک کە 350 سەرنشینی هەڵگرتبوو لە جیبۆتییەوە بەرەو یەمەن بەڕێکەوتووە، پێش ئەوەی لە باکووری کەناراوەکانی شاری "ئۆبۆک" لە جیبۆتی ژێرئاو بکەوێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: تاوەکو ئێستا تەرمی 109 قوربانی دۆزراونەتەوە کە پێکهاتوون لە 52 پیاو، 42 ژن و 15 منداڵ (نۆ کچ و شەش کوڕ)، هاوکات زیاتر لە 80 کەس ڕزگاریان بووە کە سەرجەمیان خەڵکی ئیتیۆپیان، تیمەکانی فریاگوزاری لە ئێستادا لە ناوەندێکی شاری ئۆبۆک هاوکاری پێشکەشی 64 کەس لە ڕزگاربووان دەکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی جیبۆتیش بەردەوامن لە گەڕان بەدوای چارەنووسی بێسەروشوێنبوواندا.

ئەلێکساندەر کواساک، بەرپرسی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوەکە لە جیبۆتی ڕایگەیاند: "ئەمە لەدەستدانێکی کارەساتباری گیانی مرۆڤەکانە و هاوخەمیی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانییان دەردەبڕین، ئەم ڕووداوە مەترسییەکانی ئەو ڕێگەیە نیشان دەدات کە کۆچبەران بۆ بەدەستهێنانی هەلی کار لە ڕێگەی گەرووی بابولمەندەبەوە بەرەو یەمەن و دواتریش وڵاتانی کەنداو دەیگرنەبەر، سەرەڕای ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوخۆی یەمەن".

ڕێکخراوی کۆچ ئاماژەی بەوەش کردووە، هەژاری، ناسەقامگیریی ئەمنی و گۆڕانی کەشوهەوا وای کردووە لە 10ـی ئەیلوولی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 هەزار کەس لە ئیتیۆپیاوە بچنە نێو جیبۆتی، هەروەها لە ساڵی (2025)ـدا زیاتر لە 900 کۆچبەر لەو ڕێگە دەریاییەدا گیانیان لەدەست داوە یان بێسەروشوێن بوون، لە مانگی ئاداری (2026)ـیش بەهۆی ڕووداوێکی هاوشێوەوە نۆ کەس خنکان و 45ـی دیکەش بێسەروشوێن بوون، بۆیە پێویستە وڵاتانی بەخشەر هاوکاریی فریاگوزاری بۆ بەهاناوەچوونی کۆچبەران زیاتر بکەن.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.