Erbil 31°C دووشەممە 12 تشرینی یەکەم 02:40

زانایەکی کورد بۆ سێیەم ساڵ لە ڕیزبەندی باشترینەکانی جیهاندایە

100%

بۆ سێیەمین ساڵی لەسەریەک، دکتۆر جگەر هەرکی، پەرلەمانتار و توێژەری ئەکادیمی، لە ڕیزبەندی 2%ـی باشترین زانایانی جیهان لە بواری وزەدا کە لەلایەن زانکۆی ستانفۆرد و دەزگای ئەلسەڤیەر ئامادە دەکرێت، پێگەی پێشەنگی خۆی پاراست.

ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "کوردستان تیڤی" دکتۆر جگەر هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "جێگەی شانازییەکی گەورەیە کە بۆ ساڵی (2026) و هاوشانی ساڵانی ڕابردوو، توانیم پێگەی کوردستان لە بواری وزەدا لە نێو ڕیزبەندی 2%ـی باشترین زانایانی جیهاندا بەرز ڕابگرم، ئەم هەڵسەنگاندنەش بەرهەمی پڕۆژەیەکی هاوبەشی زانکۆی ستانفۆرد و دەزگای نێودەوڵەتیی ئەلسەڤیەرە".

ئەو زانا کوردە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی کاروانێکی پڕ لە کۆشش و ئەنجامدانی (91) لێکۆڵینەوەی قووڵی ئەکادیمییە، کە ئامانج لێیان دۆزینەوەی چارەسەری کردارییە بۆ قەیرانەکانی کەرتی وزە و پەرەپێدانی ژینگەیەکی بەردەوام، هاوکات جەختیشی کردەوە، دەستپێکردنی گەشتە زانستییەکەی لە ناوخۆی کوردستانەوە و گەیشتنی بەم ئاستە نێودەوڵەتییە، سەلمێنەری ئەوەیە کە توانای تاکی کورد سنووربەزێنە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا لە ڕێگەی کوردستان تیڤییەوە بۆ توێژەران و گەنجانی وڵات، دکتۆر جگەر دووپاتی کردەوە، پێویستە نەوەی داهاتوو باوەڕیان بە بەهرە و تواناکانی خۆیان هەبێت و هەوڵ بدەن لە ڕێگەی زانستەوە ناوی نیشتمان لە ناوەندە باڵاکانی دنیادا بدرەوشێننەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم متمانە نێودەوڵەتییە، بەرپرسیارییەتییەکی هێندەی تر قورس دەخاتە ئەستۆی بۆ بەردەوامیدان بە خزمەتکردنی زانست و کۆمەڵگە.

شایەنی باسە، ئەم پۆلێنکردنە ساڵانە لەلایەن زانکۆی ستانفۆردی ئەمەریکی و ناوەندی بڵاوکردنەوەی ئەلسەڤیەر، لەسەر بنەمای زانیارییەکانی دەزگای باوەڕپێکراوی "سکۆپوس" ئامادە دەکرێت، بە مەبەستی ناساندنی ئەو کەسایەتییە کاریگەرانەی ڕۆڵی بەرچاویان لە پێشخستنی زانست و چارەسەری پرسە ئاڵۆزەکانی مرۆڤایەتیدا هەبووە.

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.