دەستەی دەستپاکیی عێراق دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامەی حەوت خانووبەرەی تۆمارکراو بە ناوی هاوسەر و کەسوکاری بەڕێوەبەری پێشووی ژمێریاریی پارێزگای سەڵاحەددینی ڕاگەیاند، کە پێشتریش ملیاران دینار لە ماڵەکەیدا دەستی بەسەردا گیرابوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: بەپێی بڕیاری دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی گەندەڵیی ناوەندی، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە پارێزگای سەڵاحەددین چوونەتە سەر ماڵی تۆمەتباری دەستبەسەرکراو، بەڕێوەبەری پێشووی بەشی ژمێریاری لە دیوانی پارێزگای سەڵاحەددین لە قەزای عەلەم.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پشکنین و بەدواداچوونەکان بوونەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی دۆسیەی ئەسڵیی سێ خانوو لە کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکاندا کە دووانیان بە ناوی هاوسەری تۆمەتبارەکە و سێیەمیان بە ناوی خۆیەوە بووە، هەروەها دەست بەسەر چوار سەنەدی خانووبەرەی دیکەدا گیراوە کە بە ناوی هاوسەرەکەی، برای هاوسەرەکەی و یەکێک لە کوڕەکانیدا تۆمار کراون.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆتایی مانگی تەممووزی ڕابردوودا بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار لە ناو ماڵی ئەم تۆمەتبارەدا دەستی بەسەردا گیرابوو، هاوکات شەش خانووبەرەی وەبەرهێنانیش بە ناوی هاوسەرەکەی ئاشکرا کرابوون، تۆمەتبارەکەش بەپێی ماددەی (340) لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەر کراوە بەهۆی ڕێکخستن و خەرجکردنی چەکێکی بانکی بە بڕی (425) ملیۆن دینار لەسەر بنەمای بەڵگەنامەی وەهمی و ساختە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.