Erbil 31°C پێنجشەممە 08 تشرینی یەکەم 23:16

دەستەی دەستپاکیی عێراق: 31 تۆمەتبار لە کۆمپانیایەکی کەرکووک بە تۆمەتی گەندەڵی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو

کوردستان TV
100%

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانیان بۆ دۆسیەیەکی گەندەڵی لە کۆمپانیای "ما بەیەن نەهرەین" لە پارێزگای کەرکووک، فەرمانی دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە بۆ 31 تۆمەتبار دەرچووە، کە تێوەگلاون لە سەرپێچی و گەندەڵیی پڕۆسەی ساغکردنەوەی گەنمدا.

تیمێکی لێکۆڵینەوەی نووسینگەی کەرکووکی دەستەی دەستپاکی، پاش پشکنینی ورد، بۆیان دەرکەوتووە کە هەزاران تۆن گەنم لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بە شێوەیەکی نایاسایی ساغ کراوەتەوە. لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە، ئەو بڕە گەنمە بە ناوی سێ هاووڵاتییەوە (یەکێکیان کۆچی دوایی کردووە) ساغ کراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی هیچ کام لەو کەسانە خاوەنی پلانێکی کشتوکاڵی نەبوون.

بەپێی زانیارییەکانی دەستەی دەستپاکی، لێکۆڵینەوەکان 31 تۆمەتباریان دەستنیشان کردووە، لەنێوانیاندا بەڕێوەبەری پێشوو و کارمەندانی کۆمپانیای ناوبراو، هەروەها کارمەندانی بانکی کشتوکاڵیی هاوبەش لە پارێزگاکەدا هەن، دەستیان لە خەرجکردنی پارەی ساغکردنەوەی گەنمەکەدا هەبووە.

هەتا ئێستا 10 کەس لەو تۆمەتبارانە دەستگیرکراون و بۆ لێکۆڵینەوە ڕاگیراون، لەکاتێکدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەوانی دیکە دەرچووە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنیان بەردەوامە.

 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.