سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی عێراق (3ی تشرینی یەکەم)، جەختی لەوە کردەوە کە عێراق ئێستا خاوەنی بڕیاری خۆیەتی و قۆناغێکی نوێی لە مێژووی خۆیدا دەستپێکردووە کە سەروەریی گشتگیر و بەهێزکردنی دامەزراوەکانە.
ئەمڕۆ شەممە 3ی تشرینی یەکەم، عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وێستگەیەکی مێژوویی بوو بۆ تەواوکردنی سەروەریی عێراق. ئێستا عێراق دەوڵەتێکە خاوەنی بڕیاری خۆیەتی و خاک و ئاسمانی پارێزراوە.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاند: ئێمە ئەمڕۆ دەوڵەتێکین بڕیاری خۆمان بە دەستە، خاک و ئاسمانی خۆمان دەپارێزین، چەک لەو وڵاتەدا تەنیا لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە.
عەلی زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد، ئاستەنگە ئابوورییەکان و دۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئاڵۆزتر دەبن، ئێمەش کار دەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان لە ڕێگەی ئابوورییەکی هەمەجۆرتر، پەرەپێدانی شەراکەتی کاریگەر لەگەڵ وڵاتانی جیهان، بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و دابینکردنی هەلی کار.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، بەردەوامین لە دەسپێشخەریی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوون، دامەزراندنی سندوقی نەوەکان بۆ زامنکردنی داهاتووی منداڵەکانمان، دروستکردنی شارە ئابوورییەکان، جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ڕێگەی بازرگانی، تێپەڕگەی وزە، ناوەندی وەبەرهێنان و پردێک لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.
هەروەها عەلی زەیدی گوتی: سەرەڕای ئاستەنگە سەختەکان، عێراق بەردەوامە لە سیاسەتێکی دەرەوەی هاوسەنگ، بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی لەبەرچاو دەگرێت و پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و ڕێزی بەرامبەر بنیاد دەنێت. هەروەها حکوومەت بەرەو متمانەبوون بە موازەنەی بەرنامە و ئەنجام دەچێت، بەجۆرێک خەرجیی حکوومەتی بەرهەمدار بێت. هەروەها بەردەوام دەبێت لە شەڕی دژی گەندەڵی و بەهێزکردنی چاودێریی پێشوەختە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عێراقییەکانی دڵنیا کردەوە کە حکوومەتەکەی بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و بنیاتنانی داهاتوویەکی ئارام، داواشی لە هەمووان کرد یەکڕیز بن بۆ پاراستنی نیشتمانێک کە بۆ هەمووان جێگەی ببێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.