Erbil 31°C یەکشەممە 04 تشرینی یەکەم 00:19

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە: 325 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی نەوتی ستراتیژی خراوەتە بازاڕەوە

100%

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA) ڕایگەیاند، لە مانگی ئاداری ڕابردووەوە تا ئێستا، بڕی 325 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگە ستراتیژییەکانی وڵاتانی ئەندامەوە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان کراوە، ئەمەش وەک هەوڵێکی بەکۆمەڵ بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی بازاڕەکانی وزە.

بەپێی بەیاننامەیەکی ئاژانسەکە کە دوای کۆنفرانسی ڤیدیۆیی سەرکردەکانی (G7)  بڵاوکراوەتەوە، ئەو بڕەی خراوەتە بازاڕەوە زیاتر لە 80%ـی ئەو 400 ملیۆن بەرمیلەیە کە وڵاتانی ئەندام بەڵێنیانداوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دابینکردنی نەوت.

وڵاتانی ئەندام لە مانگی ئاداردا گەورەترین پڕۆسەی ڕەوانەکردنی نەوتیان لە مێژووی ئاژانسەکەدا پەسەند کرد، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بەو ئاڵۆزییانەی کە ڕوویان لە هەناردەی نەوت کرد بەهۆی گرژییەکانی ناوچەی کەنداو و پەککەوتنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز.

فاتح بیرۆل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕێکارە بەکۆمەڵانە ڕۆڵێکی گرنگیان لە کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکاندا هەبووە. بەهۆی پەککەوتنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، کە ڕێڕەوێکی ستراتیژییە بۆ گواستنەوەی نەوت و غازی سروشتی بۆ بازاڕەکانی جیهان، نرخی سووتەمەنی لە زۆربەی وڵاتان بەرزبووەوە، بۆیە ئاژانسەکە ناچار بوو بەم شێوەیە دەستوەردان بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەککەوتنی تەواوەتیی دابینکردنی وزە بکات.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.