شارەوانیی هەولێر دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێکی گەورە بۆ ڕێکخستنەوە و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شەقامی 120 مەتری و گەڕەکی فەرمانبەران کرد، هاوکات ئامادەکاریش دەکرێت بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانی نەمامچاندن لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا.
ئەمڕۆ شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان، بە پلانێکی تۆکمە دەستیان بە ڕێکخستنەوەی سەوزایی دوورگەی ناوەندی و ناو سەوزاییەکانی شەقامی 120 مەتری کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئامانج لەم کارە زیادکردنی ڕێژەی سەوزاییە، بۆ ئەو مەبەستەش سەدان دار بۆ چاندن ئامادە کراون، هاوکات بەشێک لە ناوچە سەوزاییەکانی سەر شەقامی گەڕەکی فەرمانبەران ڕێکخراونەتەوە و چەند شوێنێکی دیکەش بە ئامانجی نەمامچاندن دیاری کراون و ئامادەکارییان بۆ کراوە.
شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە، بڕیار وایە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا ئەم هەڵمەتی نەمامچاندنە بە شێوەیەکی چڕ و فراوان لەو ناوچانە ئەنجام بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.