توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری (Blood) بڵاوکراوەتەوە، میکانیزمێکی سەرسوڕهێنەری لە جەستەی مرۆڤدا ئاشکرا کردووە کە تیایدا خڕۆکەسوورەکانی خوێن، بێ ئەوەی پێویستیان بە دروستکردنی خانەی نوێ بێت، خۆیان لەگەڵ کەمیی ئۆکسجیندا دەگونجێنن.
خڕۆکەسوورەکان لە جەستەدا بەوە جیادەکرێنەوە کە "ناوکیان" نییە، ئەمەش مانای ئەوەیە ناتوانن جینات چالاک بکەن یان بە شێوازی خانەکانی دیکە پرۆتینی نوێ دروست بکەن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخە گۆڕاوەکان. کەچی لە کاتی وەرزشی قورس یان بەرزبوونەوە بۆ شوێنە بەرزەکان، ئەم خانانە دەتوانن بە خێرایی چالاکییە میتابۆلیکەکانیان بگۆڕن.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە نهێنیی ئەم توانایە لە دروستکردنی پرۆتینی نوێدا نییە، بەڵکو لە جیاکردنەوە و کۆکردنەوەی ئەو پرۆتینانەدایە کە لە ئێستادا هەن. ئەوان خەریتەیەکی وردیان بۆ زیاتر لە 3700 پرۆتینی ناو خڕۆکە سورەکان کێشاوە.
لەم پرۆسەیەدا، پرۆتینێکی دیاریکراو بە ناوی شریتی 3 (Band 3) ڕۆڵی ناوەند یان سەکۆیەک دەبینێت. لە بارودۆخی ئاساییدا، ئینزیمێک بەم سەکۆیەدا دەلکێت و کارلێکە کیمیاییەکان ڕێک دەخات. کاتێک ئۆکسجین کەم دەبێتەوە، ئەم ئینزیمە جیادەبێتەوە و لە جێگەی ئەو، ئەو هێمۆگلۆبینەی ئۆکسجینی تێدا نییە بە سەکۆکەدا دەلکێت.
ئەم گۆڕانکارییە کلیلی هەستیار بە ئۆکسجین کار دەکات، بەمەش خڕۆکەکە شێوازی بەکارهێنانی شەکر (گلوکۆز) دەگۆڕێت و بڕێکی زیاتر لە ماددەی (2,3-DPG) بەرهەم دەهێنێت. ئەم ماددەیە وادەکات هێمۆگلۆبین ئۆکسجینەکە بە ئاسانی بەرداتەوە و ڕادەستی ئەو شانانەی بکات کە پێویستیان پێیەتی.
سەرەڕای ئەوەی ئەم توێژینەوەیە هێشتا لە قۆناغی تاقیگەدایە و چارەسەرێکی پزیشکیی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵام دەرگایەکی نوێ بۆ زانایان دەکاتەوە تا لە داهاتوودا باشتر لە چۆنیەتیی کاردانەوەی جەستە بەرانبەر بە نەخۆشییەکانی دڵ، سییەکان و کاریگەریی بەرزاییەکان تێبگەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.