Erbil 31°C شەممە 19 ئەیلوول 11:58

دۆناڵد ترەمپ یاسایەکی تایبەت بە سزاکانی سەر ڕووسیا و ئێران واژۆ دەکات

100%

سەرۆکی ئەمەریکا یاسایەکی نوێی واژۆ کرد کە دەسەڵاتی پێ دەدات سزاکانی سەر ڕووسیا بهێڵێتەوە یان هەڵیانبوەشێنێتەوە، هاوکات سزاکانی سەر ئێرانیش درێژ بکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئەیلوول، کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ واژۆی لەسەر یاسایەک کردووە کە بە (یاسای لیندسی ئۆ. گراهام) بۆ سزاکانی سەر ڕووسیا و ئێران بۆ ساڵی (2026) ناسراوە، کە ڕێگە دەدات بازنەی سزا یاساییەکان و باجە گومرگییەکانی پەیوەست بە ڕووسیا فراوان بکرێت یان هەڵبوەشێنرێتەوە، هەروەها سزاکانی ئێستای سەر ئێرانیش درێژ دەکاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم یاسایە، ئەو دەسەڵاتە فراوانانەیە کە دراون بە دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە جێبەجێکردنی باجی گومرگیی لاوەکی، چونکە سەرۆکی ئەمەریکا دەتوانێت کات و قەبارەی ئەم باجانە دیاری بکات، سەرەڕای لێخۆشبوون لەو کۆتوبەندانە بۆ چەند وڵاتێکی دیاریکراو بەبێ پێویستی بە ڕەزامەندیی پێشوەختەی کۆنگرێس.

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش دا، یاساکە ڕێگە بە سەرۆکی ئەمریکا دەدات ئەو سزا و باجانەی لەسەر ڕووسیا سەپێنراون هەڵیانبوەشێنێتەوە لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەی پەیوەستن بە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی سەبارەت بە ئۆکراینا و ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان. پێشتریش کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کردبوو کە پرۆسەی هەڵگرتنی سزاکان دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی، یەکێکە لە بڕگە سەرەکییەکانی دەستپێشخەرییەکە.

هەروەها یاساکە ئاماژە بە ئەگەری سەپاندنی باجی گومرگیی زیادە دەکات بە ڕێژەی تا 100% لەسەر هاوردەکانی ئەمەریکا کە لە "کڕیارە سەرەکییەکان"ـی نەوت و غازی ڕووسیاوە دێن. یاساکە دەرفەتی سەپاندنی باجی گومرگی بە ڕێژەی تا 500%ـیش دەدات لەسەر ئەو کاڵایانەی بنەچەیان ڕووسییە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە مەبەستی خۆدزینەوە لە سزاکان هاوردەی ئەمەریکا دەکرێن.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.