Erbil 31°C پێنجشەممە 17 ئەیلوول 21:50

نێچيرڤان بارزانى: ئێستا کەشوهەوایەکی باشتر لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا هەیە

100%

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ پاش کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی کردنەوەی لووتکەی سلێمانی بۆ ئابووری و وەبەرهێنان و گەشەپێدان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، باسی لە گرنگيی چالاكييه‌كه‌ و ڕەوشی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرد، هەروەها باسی لە پرۆسەی یەکخستن و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

سه‌ره‌تا سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتى:

''بە سوپاسەوە بۆ دەزگای (ڤیژن) و برای بەڕێزم کاک عەدنان، کە بانگهێشتی کردم بۆ ئەم کۆنفرانسە. زۆر خۆشحاڵ بووم بەوەی کە جارێکی تر لە شاری خۆشەویستی سلێمانی بە خزمەت هەمووتان دەگەم. لێرەوە دەمەوێت ڕێز و خۆشەویستی و سڵاو بنێرم بۆ هەموو سلێمانی و هەموو کوردستانییان''.

''پێم وایە کۆنفرانسێکی زۆر بەرهەمدار دەبێت، کۆنفرانسێکی گرنگە بۆ ئەوەی ئێمە بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن هەرێمی کوردستان ببێتە ئەو شوێنەی وەبەرهێنان لە هەموو سێکتەرەکان لە کوردستان بکرێت، لێرەوە په‌نا به‌ خوا هەنگاو بنرێت بۆ هەموو عێراق''.

''ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، خۆشحاڵین بەوەی ئێستا کەشوهەوایەکی باشتر لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان، لەنێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە. هیوادارین بگاتە ئەنجامێکی باش؛ زۆر سوپاسی هەموو لایەکتان دەکەم، بە خێر بێن و په‌نا به ‌خوا هەموو شتێک باش دەڕوات''.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پرۆسەی یەکخستن و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، نێچیرڤان بارزانی گوتی:

''ئێمە لەم نزیکانە ڕێوڕەسمێکمان هەیە، هێزەکانی پێشمەرگە هەموویان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆکراونەتەوە، ئێمە لەم ڕۆژانەدا، ئەمە بە فەرمی ڕادەگەيه‌نین''.

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە دوا پەرەسەندنەکانی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی:

''ناتوانم بڵێم کەی پێکدێت، بەڵام دەتوانم پێتان بڵێم لەنێوان سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی، لەنێوان هێزە ئەمنییەکان، لەنێوان هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی، کۆبوونەوەی باشمان کردووە. ئەمڕۆ دەتوانم بڵێم ئێمە لەسەر ئاراستەیەکی دروست دەڕۆین بەرەو پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام نازانم کەی''.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.