پڕۆسهی پێشکەشکردن بۆ وهرگرتنی دهرچووانی 12ی ئامادهیی له زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەکات و لە سبەینێ پێنجشەممەوە ڕێکەوتى (17/ ئەیلولی/ 2026) لە كاتژمێر 8:30ى سەرلەبەیانى، زانكۆلاین بۆ ماوەى 8 ڕۆژ تاکو ڕێکەوتى (24/ ئەیلوولى/ 2026) بۆ دەرچووانى 12ی ئامادەیى کارا دەبێت.
د. خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند "لە سبەینێوە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى 17/ئەیلوولی/2026 وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچووانی 12 ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی، نێودەوڵەتییەکان)، تا ڕۆژى 24/ ئەیلوولی/2026، واتە بۆ ماوەى 8 ڕۆژ کارا دەبێت، بهوهش دهرچووان لەو ماوەیەدا دهتوانن فۆرمی وهرگرتن له زانكۆ و پهیمانگهكان پڕبكهنهوە و پێشكهشی بكهن، ههروهك دهرچووان دهبێت سەردانی قوتابخانەكانی خۆیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و (Password).
گوتیشى: بۆ بهرچاوڕوونی زیاترى دهرچووانی پۆلی 12 ئامادەیی و ئاشنابوونیان به سیستمهكانی وهرگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەها دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕوونكردنهوهی پێویست لهسهر چۆنیهتیی پڕكردنهوهی فۆرمی وهرگرتن به سیستمه جیاوازهكان، ئهمهش دهرهفهتێكی گرنگه بۆ ئهوهی دەرچووان بهر لهوهی فۆرمی وهرگرتن پێشكهش بكهن، ئاگاداری وردهكارییهكانی سیستمهكه بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نییە لەهەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشی دەگەیەنێت: وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچووانى پۆلى 12 لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.
هاوکات وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕاشی دەگەیەنێت: بۆ ئەمساڵ (40716) دەرچووى (زانستى، وێژەیی، پیشەیی، خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان) لە یەک کاتدا داواکارى بۆ زانکۆلاین پێشکەش دەکەن، بەشێوەیەک (30847) دەرچوو لە بەشى زانستى، (7923) دەرچوو لە بەشى وێژەیی، (1240) دەرچووى ئامادەییە پیشەیی، (706) دەرچووى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان، داواکارى بۆ (680) بەش لە هەرسێ جۆر خوێندنى (زانکۆلاین) و (پارالێل) و (ئێواران) بۆ ساڵى خوێندنى (2026-2027) لە (16) زانکۆى حکوومى لە هەرێمى کوردستان پێشکەش دەکەن.
لە کۆتایدا وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بە هەبوونى پەیج و ئەکاونت بەناوى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن، ڕایدەگەیەنێت: ستافى وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە بەناوەکانى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن یان هەر ناوێکى دیکە، بەڵکو تاکە مینبەرى گەیاندنى ڕێنماییەکانى ئێمە لەڕێگەى سایت و پەیجى فەرمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک بەم ناونیشانە: (وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.