سەرپەرشتیاری پڕۆژەی پیشەسازی ئاکرێ زانیاریی تایبەت لەبارەی پڕۆژەی "کۆمەڵگەی سۆز ڤین" دەخاتەڕوو، کە گەورەترین و یەکەمین پڕۆژەی پیشەسازییە لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک و دیمەنی شارەکە بەرەو قۆناغێکی نوێ دەبات.
ئەندازیار فریا عەزیز، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی پیشەسازی ئاکرێ بە غەفار تەیب پەیامنێری (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: پڕۆژەی "کۆمەڵگەی سۆز ڤین" لەسەر ڕووبەری 500 دۆنەم زەوی جێبەجێ دەکرێت. لەو ڕووبەرە، 168 دۆنەمی بەتایبەت بۆ بواری پیشەسازی و پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل تەرخان کراوە.
بەپێی گوتەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، ئەم شارۆچکە پیشەسازییە لە 62 پێشانگای ئۆتۆمبێل و 623 دوکانی جۆراوجۆری پیشەسازی پێکدێت. بڕیارە لە ماوەی 2 ساڵدا تەواو بکرێت و ببێتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی و پیشەسازی لە دەڤەرەکەدا.
هاوکات، بڵند ڕەزا، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان تیڤی ئاماژەی بەوە کرد، دوای گواستنەوەی کارە پیشەسازییەکان بۆ شوێنە نوێیەکە، پلانیان هەیە شوێنی پیشەسازی کۆن لە ئاکرێ بە تەواوی بگۆڕن.
سەرۆکی شارەوانی ڕایگەیاند: "ئەو شوێنەی پێشتر جێگەی پیشەسازی و کۆبوونەوەی گلێش و پاشماوە بوو، دەگۆڕدرێت بۆ پارکێکی گەورە و مۆدێرن. بەمەش ژینگەی ناوچەکە دەپارێزرێت و ڕووبەری سەوزایی لە ئاکرێ بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.