سەندیکای پزیشکانی کوردستان لقی هەولێر بەیاننامەیەکی فەرمی لەبارەی ڕووداوی گیانلەدەستدانی نەخۆشێک لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی شاری هەولێر بڵاوکردەوە. سەندیکا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ خانەوادەی کۆچکردوو، چەند ڕاستییەک و داواکارییەکی یاسایی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد.
ئەمڕۆ شەممە، سەندیکای پزیشکان ڕایگەیاند کە ئەو پزیشکەی بەرپرسیار بووە لە نەخۆشەکە، هەڵگری بەرزترین بڕوانامەی پسپۆڕییە و خاوەنی مۆڵەتی فەرمییە. جەختیشیکردەوە کە بەرگری لە پزیشکان دەکەن ئەگەر پابەندی ڕێنماییەکان بن.
سەندیکا ئاماژەی بەوە کرد کە پابەندکردنی پزیشک بە کارکردن تەنها لە یەک نەخۆشخانەی تایبەت، خزمەت بە کەرتی تەندروستی ناکات و پێویستە کار لەسەر چارەسەری گونجاو بۆ ئەم خاڵە بکرێتەوە.
هەر لە بەیاننامەکەدا سەندیکا داوای کرد لێکۆڵینەوە بکرێت کە بۆچی لە کاتی ڕووداوەکەدا هۆڵەکانی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی (ڕەسوڵ)ـی تایبەت داخراو بوون و بەشی چاودێری چڕ (ICU) لەژێر نۆژەنکردنەوەدا بووە. هەروەها دەبێت ڕوون بکرێتەوە بە چ مۆڵەتێک نەشتەرگەری تێدا ئەنجامدراوە لە کاتێکدا مەرجەکانی سەلامەتی دابین نەکراوە.
سەندیکای پزیشکانی کوردستان بە توندی ڕەخنەی لە بەشێک لە میدیاکان گرت و کارەکانیانی بە "ناپڕۆفیشناڵ" ناوبرد، کە وەک جێگرەوەی لێژنە زانستییەکان و دادگا ڕەفتاریان کردووە، ئەمەش وەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و کەرتی تەندروستی وەسف کرا.
سەندیکای پزیشکان لە بەیاننامەکەیدا داوا لە هاووڵاتییان دەکات پێش هەر نەشتەرگەرییەک بەرچاوڕوونییان هەبێت، چونکە هەموو نەشتەرگەرییەک بەپێی پێوەرە جیهانییەکان ئەگەری ماک و لێککەوتەی سادە و ئاڵۆزی هەیە.
لە کۆتاییدا، سەندیکای پزیشکان داوای لە پزیشکی دادی و دادگای تایبەتمەند کرد کە هەموو ڕێکارە زانستی و یاساییەکان بگرنەبەر بۆ لێکۆڵینەوەی ورد لەم ڕووداوە و دەرخستنی ڕاستییەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.