فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە پەیامێکدا بۆ گەلی سووریا و شەڕڤانانی، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکەی و هەڵوەشاندنەوەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی ئاب مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند: دوای ڕێککەوتن لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی هێزەکانمان بەسەر لیواکانی سوپای سووریادا، ئەمڕۆ بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک هێزێکی سەربەخۆ ڕادەگەیەنین.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕاشیگەیاند، شەڕڤانان لە یەکێک لە سەختترین قۆناغەکاندا شار و شارۆچکەکانی سووریایان لە دەسەڵاتی بەعس و تیرۆری داعش ڕزگار کرد، لەو پێناوەشدا هەزاران شەهیدیان بەخشیوە تاوەکو پاشەڕۆژێکی ئارام بۆ منداڵانی وڵات دابین بکەن.
مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە مافی خوێندن بە زمانی کوردی یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکان و سەرۆک کۆمار ڕەزامەندی لەسەر پاراستنی ئەم مافە داوە. گوتیشی: لە ئەمساڵدا دەست بە جێبەجێکردنی بڕیاری خوێندن بە زمانی کوردی دەکەین و لە داهاتووشدا پەرەی پێ دەدەین.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەزڵووم عەبدی وێنای سووریای داهاتووی کرد وەک نیشتمانێکی یەکگرتوو بۆ هەموو پێکهاتەکان، لە عەرەب، کورد، سریانی، ئاشووری و تورکمان، کە تێیدا شکۆ و مافی هەموو هاووڵاتییان پارێزراو بێت و لە قۆناغی جەنگەوە بەرەو ئاوەدانکردنەوە هەنگاو بنێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.