Erbil 31°C ھەینی 21 ئاب 20:37

عەلی زەیدی: مووچەی فەرمانبەران دابینکراوە و عێراق دەبێتە بەهێزترین دەوڵەتی ئابووری لە ناوچەکەدا

100%

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە 8ـەمین دیداری گفتوگۆی بەغداد، چەندین پەیامیێکی دەربارەی دۆخی دارایی، ئابووری و سەربازی وڵات ڕاگەیاند.

سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکان بە تەواوی دابینکراون و حکوومەت پلانی هەیە بۆ ساڵانی داهاتووش مسۆگەریان بکات. ئاشکرایشی کرد کە عێراق هەوڵ دەدات لە ماوەی 6 ساڵی داهاتوودا ئاستی هەناردەکردنی نەوت بگەیەنێتە 8 بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێڕەوی نوێی هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەرەکانی جەیهان، بانیاس و عەقەبە دەدۆزرێتەوە.

عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە بودجەی ساڵی داهاتوو جەخت لەسەر کەرتی کارەبا (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن) و فراوانکردنی بەکارهێنانی وزەی خۆر دەکاتەوە. هەروەها ڕایگەیاند کە چاکسازی لە مۆدێلی بەکارهێنانی سووتەمەنی ناوخۆیی ئەنجامدراوە، کە ساڵانە بڕی 17.8 تریلیۆن دینار بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەگێڕێتەوە.

دەربارەی پرسی چەک، سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە هەموو هێزە سیاسییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت و پرۆسەی ڕادەستکردنی چەکەکان بەردەوامە. ڕاشیگەیاند: هیچ ئەگەر و نێتێک بۆ پێکدادانی سەربازی لە ئارادا نییە و ڕێگە نادەین دوژمنان هیچ دەرفەتێک بقۆزنەوە.

سەرۆک وەزیران مژدەی بە هاووڵاتییان دا کە پڕۆژەی ملیۆنێک (1,000,000) پارچە زەوی نیشتەجێبوون بەمزووانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ماوەی کەمتر لە 3 ساڵدا زەوییەکان ڕادەستی ئەو هاووڵاتییانە دەکرێن کە هیچ موڵکێکیان نییە. هەروەها ڕایگەیاند کە سندوقی گەشەپێدان بە سەرمایەی 100 ملیار دۆلار دادەمەزرێنرێت.

عەلی زەیدی گوتیشی: بەڵێنم داوە کە بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی وەزیران خۆم کاندید نەکەمەوە، چونکە ئامانجمان بونیادنانی دەوڵەت و ئابوورییە نەک حکوومەت. لەسەر ئاستی ناوچەکەش گوتی: عێراق چیتر گۆڕەپانی ململانێ نییە، بەڵکو بووەتە پردی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.