بەرپرسێكی باڵای سەربازیی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە هۆشدارییەكی توندی ئاراستەی سەرجەم وڵاتانی كەنداو و ناوچەكە كردووە كە ئەگەر هاوكاری ئەمریكا بكەن دژی وڵاتەكەیان، ئەوا وەك دوژمنكارییەك هەژماری دەكەن و وەڵامی توندیان دەبێت.
هۆشدارییەكە لەلایەن لیوا عەلی عەبدوڵاهی سەرۆکی دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران دراوە و ئاراستەی ئەو وڵاتانەی کەنداو و ناوچەكە كراوە كە هاوکاری یان ئاسانکاری بۆ هێزەکانی ئەمریکا دژی ئێران دەكەن.
لیوا عەلی عەبدوڵاهی ڕایگەیاندووە: ئێران چاودێریی سەرجەم جوولە سەربازییەکان لە بنكە سەربازییەكانی ناوچەكە دەکات، لە رۆژانی رابردوو هەست بە ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی سەربازی لەناو خاكی وڵاتانی ناوچەكەدا كراوە، بەشێك لەونە فڕۆكانەش تایبەت بوونە بە گەیاندنی سووتەمەنی.
سەرۆکی دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران جەختیشی کردەوە کە هەر پشتیوانی یاخود ئاسانکارییەک بۆ هێزەکانی ئەمریکا بكرێت، لەلایەن ئێرانەوە وەک بەشداریکردن لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا سەیر دەکرێت.
لە كۆتاییشدا داوای لە وڵاتانی كەندا و ناوچەکە بە گشتی کرد ڕێگە نەدەن ئەمریكا خاکی وڵاتەكەیان بۆ هیچ هێرش و مەبەستێك بەكار بهێنرێت، بە پێچەوانەوە وەڵامی توندیان دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.