وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، تەمویلی مووچەی مانگی تەمووز خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی ئاب وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕی (830,782,000,000) هەشت سەد و سی ملیار و حەوت سەد و هەشتا و دوو ملیۆن دینار، وەک تەموویلی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی (120,000,000,000) سەد و بیست ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەمووز، لە کۆی گشتیی تەموویلی مووچەکە بڕیوە (کەمکردووەتەوە).
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاشیگەیاند، ههر لە چوارچێوەی تەموویلی مووچەی مانگی تەمووزدا، بڕی (3,326,931,000) سێ ملیار و سێ سەد و بیست و شەش ملیۆن و نۆسەد و سی و یەک هەزار دینار نەنێردراوە، کە تایبەتە بە پڕکردنەوەی شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووز دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.