بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان ڕایگەیاند، یاریدەدەرێتی ئاسایشی قۆرەتوو دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی خەریکی بڕینەوەی دار بوون، پاشان ڕادەستی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قۆرەتوو کراون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی دارستان، ئەو دوو تۆمەتبارە زیانی زۆریان بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە و لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا، دەست بەسەر ئەو ئامێرانەدا گیراوە کە بۆ بڕینەوەی دارەکان بەکاریان هێناوە.
پۆلیسی دارستان ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخراوە و ڕادەستی دادوەری لێکۆڵینەوەی کەلار کراون بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
لای خۆشیانەوە، بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قۆرەتوو جەختیان لەوە کردەوە کە بەردەوام چاودێری ناوچەکە دەکەن و ڕێگە بە هیچ جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر سروشت و ژینگە نادەن، هاوکات داوایان لە هاوڵاتییان کرد هاوکار بن لە پاراستنی دار و درەختەکان و ژینگەی ناوچەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.