لە ساڵی 536ی زایینیدا جیهان ڕووبەڕووی یەکێک لە سەختترین و كارەساتبارترین دۆخەكانی کەشوهەوا بووەوە كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار نەكراوە، ئەویش بەهۆی تەقینەوەی گڕکانی گەورە و دروستبوونی دووكەڵێكی زۆر كە بووە هۆی شاردنەوەی ڕووناکی خۆر و دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما، لە ئەنجامیشدا برسییەتی و نەخۆشییەکی زۆر لە جیهاندا بڵاوبووەوە و ملیۆنان مرۆڤ و گیانلەبەری دیكە لەناوچوون.
گۆڤاری (Futura) لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردۆتەوە: ساڵی 536 دەکرێت بە یەکێک لە سەختترین سەردەمەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دابنرێت، چونکە لەو ماوەیەدا کەمبوونەوەیەکی نائاسایی ڕووناکی خۆر لە بەشێكی زۆری ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەندین ناوچەی دیكەی كیشوەری ئاسیا ڕووی دا.
بەپێی گوتەی پڕۆکۆپیۆس قەیسەری مێژوونووسی بیزەنتی، بەدرێژایی ئەو ساڵە خۆر بەهۆی دووكەڵەوە وەک مانگ کز و لاواز دەردەکەوت. ئەم گۆڕانکارییەی کەشوهەوا بووە هۆی ئەوەی لە زۆربەی ناوچەكانی گۆی زەوی لە وەرزی هاویندا بەفر ببارێت و بەروبوومە کشتوکاڵییەكانی بەشێوەیەكی زۆر لەناوبچن.
لە ئەنجامی ئەو توێژینەوانەی كە لەسەر لقی دارەکان و بەستەڵەکەکان لە گرینلاند و چیاکانی ئەڵپ ئەنجامدراون، رێژەیەكی زۆر وردە شووشەی گڕکانی دۆزراونەتەوە، پێدەچێت ئەم گڕكانە شووشەییانە لە ئەنجامی دەردانی بڕێکی زۆر لە خۆڵەمێش و گۆگرد بۆ ناو بەرگەهەوا ڕوویان دابێت.
دوای ساڵی 536 چەند گڕكانێكی دیكەش لە جیهان روویان دا، بە تایبەت تەقینەوەی گڕکانی ئیلۆپانگۆ لە وڵاتی سیلڤادۆر كە لە دەوروبەری ساڵانی 539 و 540 ڕووی دا، ئەم گڕكانە پیسبوونی بەرگەهەوای زەوی زیاتر کرد. ئەو كات دووكەڵی خۆڵەمێشی تۆخ و تۆزی گڕکانی بەشێکی زۆر و بۆ ماوەیەكی درێژ ڕووناکی خۆریان لەسەر زەوی گرت.
لەو ماوەیەدا نیوەگۆی باکوری زەوی یەکێک لە ساردترین ساڵەكانی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار کرد، ئەو كات پلەكانی گەرما لە چلەی هاویندا گەیشتنە 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی.
ئەم كەشوهەوا ساردە، زیانێكی زۆری بە بەروبوومی كشتوكاڵی گەیاند و برسییەتییەكی زۆری لە جیهان بڵاوكردەوە، هەروەها نەخۆشی زۆر بڵاو بووەوە و ملیۆنان مرۆڤ بەهۆی ئەم كەشوهەوا نالەبارەوە گیانیان لەدەست دا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.