Erbil 31°C ھەینی 14 ئاب 17:12

7 جۆر میوە و سەوزە کە توێکڵەکانیان سەرچاوەی ڤیتامین و کانزاکانن

کوردستان TV
100%

زۆرێک لە خەڵکی ڕاهاتوون پێش خواردنی میوە و سەوزە توێکڵەکەیان لێ بکەنەوە و فڕێی بدەن، بەڵام پسپۆڕانی بواری خۆراک ئاماژە بەوە دەکەن کە توێکڵی هەندێک جۆریان دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ، ڤیتامین و دژەئۆکسانەکان، کە وا دەکات خواردنیان سوودێکی زیاتر بە جەستە بگەیەنێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "Health"، خواردنی هەندێک جۆری میوە و سەوزە بە توێکڵەوە بەهای خۆراکییان زیاد دەکات، بە مەرجێک بە باشی بشۆردرێنەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە پاشماوەی دەرمانی قڕکەر و پیسی.

گرنگترین ئەو میوە و سەوزانەی توێکڵەکەیان بەسوودە:

1. کیوی: توێکڵی کیوی دەتوانرێت بخورێت و بڕێکی زۆر ڕیشاڵ، ڤیتامین C و E و پێکهاتەی پۆلیفینۆڵی تێدایە، کە یارمەتیدەرێکی باشن بۆ تەندروستیی کۆئەندامی هەرس.

2. تەماتە: توێکڵی تەماتە ڕێژەیەکی بەرزی لایکۆبینی تێدایە، کە دژەئۆکسانێکی بەهێزە، جگە لەوەی چەندین کانزای گرنگی تێدایە.

3. میوە ترشەکان (لیمۆ و پرتەقاڵ): دەتوانرێت توێکڵەکەیان دوای لەڕەندەدان بۆ ناو خواردن و خواردنەوەکان بەکاربهێنرێت، چونکە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ڕیشاڵ و ڤیتامین C و دژەئۆکسانە ڕووەکییەکانن.

4. سێو: توێکڵی سێو ڕیشاڵ، ڤیتامینC، پۆتاسیۆم و پێکهاتەی ڕووەکی وەک کێرسێتین و کاتێچین بۆ جەستە دابین دەکات.

5. پەتاتە: توێکڵی پەتاتە بڕێکی زۆر ڕیشاڵ، پۆتاسیۆم، ڤیتامین C، ترشی فۆلیک، مەگنیسیۆم و فۆسفۆڕی تێدایە. ڕیشاڵەکانی ناو توێکڵی پەتاتە یارمەتی زیادکردنی هەستی تێربوون و تەندروستیی ڕیخۆڵە دەدەن.

6. گێزەر: توێکڵی گێزەر ڕیشاڵ و دژەئۆکسانەکانی تێدایە، لەوانە بێتا کارۆتین کە جەستە دەیگۆڕێت بۆ ڤیتامین A، کە زۆر گرنگە بۆ تەندروستیی چاو، پێست و بەرگریی جەستە.

7. شووتی: دەتوانرێت بەشە سپییەکەی توێکڵی شووتی بۆ ناو زەڵاتە یان هەندێک جۆری شەربەت بەکاربهێنرێت، ئەمەش وا دەکات سوود لە بەشێکی میوەکە وەربگیرێت کە زۆرجار فڕێ دەدرێت و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پاشماوەی خۆراک.

پسپۆڕانی خۆراک جەخت دەکەنەوە کە پێویستە پێش خواردنی ئەم توێکڵانە، میوە و سەوزەکان بە وردی بشۆردرێنەوە، بەتایبەت ئەو جۆرانەی کە ئەگەری هەیە پاشماوەی دەرمانی کیمیایی یان خۆڵیان پێوە مابێت.

 

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.