Erbil 31°C چوارشەممە 12 ئاب 23:57

ئێران؛ سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەر رۆژنامەنوسێکی ناسراودا سەپاند

100%

لقی 29ی دادگای شۆڕشی تاران، سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر یەڵدا معیری، فۆتۆجۆرناڵیزمی ئێرانی و براوەی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتیدا سەپاند. ئەم سزایە بە شێوەی "پاشملە" (in absentia) دەرچووە و تێیدا ناوبراو تۆمەتبار کراوە بە "چالاکی لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."

جگە لە سزای زیندانیکردن، دادگا بڕیاری داوە دەست بەسەر تەواوی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی یەڵدا معیریدا بگرێت، لەوانە کامێرا و مۆبایلەکانی. هەروەها ئەم ڕۆژنامەنووسە بۆ ماوەیەکی نادیار قەدەغەی هەموو جۆرە چالاکییەکی کلتووری و میدیایی لێ کراوە و مافی وەرگرتنی پۆستی گشتی و بڵاوکردنەوەی بابەت لە سۆشیاڵ میدیاشی لێ زەوت کراوە.

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان (IFJ) بە توندی سەرکۆنەی ئەم بڕیارەی کرد و بە "بێبنەما" وەسفی کرد. ئەنتۆنی بێلێنجەر، سکرتێری گشتیی (IFJ) ڕایگەیاند، کە ئەمە قۆناغێکی نوێی سەرکوتکارییە لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان و داوای کرد دەستبەجێ هەموو کارمەندانی میدیا کە لەو وڵاتە زیندانی کراون، ئازاد بکرێن.

یەڵدا معیری پێشتریش لە ساڵی 2022دا لە کاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی پەیوەست بە گیانلەدەستدانی "ژینا مەهسا ئەمینی" دەستگیر کرابوو. ئەم سزایەی ئێستا لە چوارچێوەی ئەو یاسا نوێیانەدایە کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێران لە ساڵی 2025دا پەسەندی کردن، کە تێیدا سزای توند بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکی ئەگەری لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا دیاری کراوە.

ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسانی تری وەک ڕەزا وەلیزادە، ئارتین غەزەنفەری، و سۆمەیە حەیدەری لە زیندانەکاندان. چاودێرانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە دۆخی ئازادیی ڕادەربڕین لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی یەکجار مەترسیدار، بەتایبەتی لە کاتی ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکەدا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.