Erbil 31°C چوارشەممە 12 ئاب 23:27

سوودان ڕووبەڕووی گەورەترین هێرشی درۆنی بوونەوە

100%

هێزەکانی پشتیوانیی خێرا (RSF) لە سوودان، ڕۆژی چوارشەممە (12ی ئابی 2026)، هێرشێکی درۆنیی بەرفراوان و هەماهەنگیکراویان بۆ سەر شاری خەرتووم و چەند شارێکی تری ژێر کۆنتڕۆڵی سوپا ئەنجامدا، کە بە گەورەترین هێرشی لەو شێوەیە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دادەنرێت.

بەپێی گوتەی شایەتحاڵەکان، درۆنەکان چەندین ئامانجیان پێکاوە، لەوانە وێستگەیەکی گۆڕینی کارەبا و مزگەوتێک لە ناوچەی "خەرتووم بەحری". هاوکات دەنگی تەقینەوە و دژەفڕۆکە لە شارەکانی "عەتبەرە" و "ئەلدامەر" لە باکووری وڵات و شاری "ئەلعوبەید" لە ناوەڕاستی سوودان بیستراوە. سەرچاوە سەربازییەکان جەختیان کردەوە کە سوپا توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر لەو درۆنانە بخاتە خوارەوە.

ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە شاری خەرتووم لەوەتەی مانگی ئازاری 2025ەوە لە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپادایە و ژیان تێیدا بەرەو ئاساییبوونەوە دەچوو، بە جۆرێک نزیکەی 2.3 ملیۆن ئاوارە گەڕابوونەوە بۆ شارەکە. بەڵام ئەم هێرشە نوێیانە ترس و دڵەڕاوکێی زۆریان لە ناو هاوڵاتیاندا دروست کردووە و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیان خاو کردووەتەوە.

جەنگی سوودان کە لە نیسانی 2023ەوە لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانیی خێرادا دەستی پێکردووە، تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 200,000 کەس و ئاوارەبوونی 12 ملیۆن هاوڵاتی، کە ئەمە بە گەورەترین قەیرانی مرۆیی جیهان دادەنرێت. هەریەک لە عەبدولفەتاح ئەلبورهان و محەمەد حەمدان دقلو (حەمیدتی) تاوەکو ئێستا هەموو جۆرە دانوستانێکیان ڕەت کردووەتەوە و سوورن لەسەر یەکلاکردنەوەی ململانێکە لە مەیدانی جەنگدا.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.