لە مەڕاسیمێکی سەربازیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی 11ی ئابی 2026، ئەرکی فەرماندەیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش (ئۆپەراسیۆنی ئینھێرنت ڕیزۆڵڤ) گواسترایەوە بۆ فەرماندەیەکی نوێ. تێیدا جەنەراڵ کیڤن لامبەرت ئەرکەکەی ڕادەستی ئەدمیراڵ لیام هولین کرد، ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی نوێ لە سەرکردایەتیکردنی هەوڵە ئەمنییەکانی ناوچەکە دەبینرێت.
ئەم هێزە هاوبەشە (CJTF-OIR) کە لە ساڵی 2014 لە لایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)ەوە دامەزراوە و بنکە سەرەکییەکەی لە وڵاتی ئوردنە، ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە ڕاوێژکاری، هاوکاری و بەهێزکردنی هێزە هاوبەشەکان لە جەنگی دژی پاشماوەکانی داعش لە عێراق و سووریا. مەڕاسیمەکە لە ژێر سەرپەرشتیی ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم بەڕێوەچوو.
ئەدمیراڵ کووپەر ستایشی دڵسۆزی و سەرکردایەتیی جەنەراڵ لامبەرتی کرد لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا. فەرماندەی سێنتکۆم ئاشکرای کرد کە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی ئەم هێزە لە ژێر سەرپەرشتیی لامبەرت، گواستنەوەی سەرکەوتووانەی زیاتر لە 5,700 زیندانیی داعش بووە لە سووریاوە بۆ ژێر دەسەڵاتی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق، کە ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە هەبووە.
جەنەراڵ لامبەرت، کە لە تەممووزی 2025ەوە پۆستەکەی وەرگرتبوو، بووە 12هەمین فەرماندەی مێژووی ئەم هێزە. ناوبراو لە وتەی ماڵاواییدا شانازیی خۆی بۆ دەستکەوتەکانی هاوپەیمانان دەربڕی و بڕیارە لە پۆستی نوێیدا وەک سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیی مەشق و گۆڕانکاریی سوپای ئەمریکا لە ویلایەتی تەکساس دەستبەکار بێت.
فەرماندەی سێنتکۆم پێشوازیی لە ئەدمیراڵ لیام هولین کرد وەک فەرماندەی نوێ و ئاماژەی بەوە کرد کە هولین خاوەنی شارەزاییەکی یەکجار قووڵە لە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشتر جێگری بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی سێنتکۆم بووە. شارەزایان پێیان وایە دەستبەکاربوونی ئەم فەرماندە نوێیە لەم کاتەدا، نیشانەی بەردەوامیی پابەندییەکانی واشنتۆنە بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.