Erbil 31°C سێشەممە 11 ئاب 18:21

لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان: سیستەمی خۆراکی ڕووەکی لە دەرزییەکانی دابەزاندنی کێش کاریگەرترە

100%

لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی نوێ کە لە خولی "JAMA Network Open" بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات کە پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکی ڕووەکیی (Vegan) کەم چەوری، دەکرێت ئەنجامێکی باشتری هەبێت لە دەرزییە بەناوبانگەکانی دابەزاندنی کێش وەک "ئۆزێمپیک" و "ویگۆڤی" کە لەم ساڵانەی دواییدا وەک شۆڕشێک لە چارەسەری قەڵەویدا دەبینران.

لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە 224 کەسی پێگەیشتوو تێیدا بەشدار بوون، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی لە سیستەمی خۆراکی ئاساییەوە (کە گۆشت و ماسی تێدایە) گۆڕاون بۆ سیستەمێکی ڕووەکیی کەم چەوری، توانیویانە لە ماوەی تەنها 4 مانگدا 5.9 کیلۆگرام لە کێشیان دابەزێنن.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی دیکە کە لە "The Lancet" بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەسانەی هەفتانە دەرزی "سیماگلوتید" (ماددەی سەرەکی لە ئۆزێمپیک) بە ژەمی 2 ملغ بەکاردەهێنن، لە ماوەی 9 مانگدا 6.9 کیلۆگرام کێشیان دابەزاندووە. ئەمەش دەریدەخات کە سیستەمی ڕووەکی لە نیوەی ئەو کاتەدا، نزیکەی هەمان بڕی کێشی دابەزاندووە بەبێ بەکارهێنانی دەرمان.

پسپۆڕان هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە خواردنی ڕووەکی دەوڵەمەندە بە ئاو و ڕیشاڵ (Fiber) و چەوریی کەمە. ئەم تایبەتمەندییانە وادەکەن قەبارەی خواردنەکە گەورە بێت و هەستی تێری بە مرۆڤ ببەخشێت، بەڵام لە ڕاستیدا کالۆرییەکی کەمی تێدایە. بەپێی داتاکان، ئەم جۆرە پارێزییە ڕۆژانە بڕی کالۆری وەرگیراو بە نزیکەی 500 کالۆری کەمدەکاتەوە.

سەرەڕای ئەنجامە سەرنجڕاکێشەکان، شارەزایانی خۆراک جەخت دەکەنەوە کە پێویستە سیستەمی ڕووەکی بە شێوەیەکی زانستی و ورد دابڕێژرێت؛ چونکە ئەگەر بەبێ پلان بێت، دەبێتە هۆی کەمیی هەندێک ماددەی سەرەکی لە جەستەدا وەک (کالیسیۆم، ئاسن و ڤیتامین B12). بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت هەر گۆڕانکارییەک لە سیستەمی خۆراکدا لە ژێر چاودێری پزیشک یان پسپۆڕی خۆراک بێت.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.