بومەلەرزەیەکی بەهێز، ڕۆژی دووشەممە (10ی ئابی 2026)، وڵاتی کۆڵۆمبیا و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەمریکای لاتینی هەژاند. بەهۆی توندیی لەرزینەکەوە، دانیشتووانی شاری "بۆگۆتا"ی پایتەختی کۆڵۆمبیا و "کیتۆ"ی پایتەختی ئیکوادۆر هەستیان بە لەرزینێکی سەخت کردووە کە بووەتە هۆی شڵەژانی هاوڵاتیان.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی جیۆلۆجیی کۆڵۆمبیا، گوڕی بومەلەرزەکە 6.8 پلە بووە، بەڵام دەستەی ڕوپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا (USGS) گوڕەکەی بە 7.4 پلە بەپێی پێوەری ڕێختەر خەمڵاندووە. بومەلەرزەکە لە قووڵایی نزیکەی 100 کیلۆمەتر ڕوویداوە و چەقەکەشی لە نزیک ناوچەی "سان خۆسێ دێل پاڵمار" بووە لە هەرێمی چۆکۆ لە ڕۆژئاوای کۆڵۆمبیا.
پەیامنێرانی ئاژانسی "فرانس پرێس" لە بۆگۆتا ڕایانگەیاندووە، کە دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە، ژمارەیەکی زۆر لە باڵەخانە و ناوەندە بازرگانییەکان لە ترسی ڕووخان یان دروستبوونی پاشلەرزە چۆڵ کراون. خەڵک ڕوویان لە شەقام و گۆڕەپانە کراوەکان کردووە تاوەکو بارودۆخەکە جێگیر دەبێتەوە.
تاوەکو ئەم ساتە بەرپرسانی فەرمیی کۆڵۆمبیا و وڵاتانی دەوروبەری هیچ ئامارێکی وردیان لەبارەی زیانە گیانی و مادییە ئەگەرییەکان بڵاونەکردووەتەوە. تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاری لەو وڵاتانە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی لوتکە بۆ بەدەمەوەچوونی هەر حاڵەتێکی کتوپڕ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.