سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، تاوەکو ئەمریکا تەواوی ئەو مەرجانە قبووڵ نەکات کە تاران دایناون گەرووی هورمز ناکەنەوە، یەكێك لەو مەرجانەش قەرەبووی تەواوی زیانەکانی جەنگ و هێرشەكانە بۆ سەر ئێران.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگ لە 28ی مانگی شوباتی رابردوو و دەستپێکردنی یەکەم هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران کۆنترۆڵی بەسەر گەرووی هورمزدا كردووە؛ ئێستا هەموو کەشتییەک ناچار دەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ تاران و تەنیا لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی نزیک لە ئاوەکانی ئێرانەوە تێپەڕن، هەروەها بەنیازیشە بەڕەسمی باجی کرێی خزمەتگوزاری بەسەر ئەو کەشتییانەدا بسەپێنێت کە دەیانەوێت گەرووەکە بەکاربهێنن.
بەهۆی دووبارەبوونەوەی هێرشەکان لەم ڕێڕەوە ئاوییەدا، ڕێککەوتنی ئاگربەستی مانگی نیسانی رابردوو شكستی هێنا، لە کاتێکدا وڵاتانی ناوبژیكار تا ئێستا داوا لە هەردوولا دەکەن بگەڕێنەوە بۆ پابەندبوون بە بەندەکانی لێکتێگەیشتن کە ڕێگەی بۆ دانوستانی ئاشتی خۆش کردبوو.
محەمەد باقر زولقەدر ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دوێنێ شەممە لە نامەیەکدا سێ مەرجی ئاڕاستەی ئەمریكا کردبوو بۆ دەستپێکردنەوەی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، لەوانە: کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە جەنگ و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر ئێران و هاوپەیمانانی لە لوبنان، فەڵەستین، یەمەن و عێراق.
جگە لەوە، مەرجی لابردنی ئابڵووقەی دەریایی و کێشانەوەی هێزە سەربازییە دەریایی و ئاسمانییەکانی لە دەوروبەری ئێران، لەگەڵ هەڵگرتنی تەواوی سزاکان.
محەمەد باقر زولقەدر داواشی لە ئەمریكا کردبوو: بەبێ هیچ مەرجێک، پارە ڕاگیراوەكانی ئێران ئازاد بکات و بە تەواوەتی قەرەبووی ئەو زیانانە بكاتەوە کە لە ئەنجامی جەنگ بەر ئێران کەوتوون.
لەلایەكی دیكەشەوە سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە کە پلانی ئێستایان بەردەوامیدانە بە داخستنی گەرووی هورمز تا ئەو کاتەی دوژمن هەموو مەرجەکان قبووڵ دەکات، چونکە گەرووەکە بۆ ئەوان بووەتە مەیدانی جەنگی ڕاستەقینە، نەک تەنیا ڕێڕەوێکی ئاوی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.