Erbil 31°C شەممە 08 ئاب 18:27

 تورکیا هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانی لە دەریای ڕەش سنووردار کرد

100%

حکوومەتی تورکیا بەهۆی زیادبوونی مەترسیی هێرشەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بۆ سەر کەشتییەکان لە ناوچەی دەریای ڕەش، ڕێکاری نوێی گرتووەتە بەر و هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانی لەو سنوورەدا سنووردار کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە ئاگادارەکان، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەلامەتیی کەناراوەکانی تورکیا" بە ژمارەیەک کەشتیی ڕاگەیاندووە کە بەرەو بەندەری "نۆڤۆرۆسیسک"ی ڕووسی (کە ناوەندێکی سەرەکیی هەناردەی نەوت و گەنمە) دەچن، کە لە ئێستادا مۆڵەتی تێپەڕبوونیان پێ نادرێت یان پێویستیان بە کاتی زیاترە بۆ پێداچوونەوە بە داواکارییەکانیان بۆ تێپەڕبوون لە گەرووی دەردەنیل.

ئەم هەنگاوەی ئەنقەرە دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، لەوانەش ئەو کەشتییانەی خاوەندارێتییان بۆ تورکیا دەگەڕێتەوە، زیادیان کردووە. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پێشتر ئاشکرای کردبوو کە لە ئەنجامی هێرشی درۆنی بۆ سەر دوو کەشتیی وڵاتەکەی، ژمارەیەک کارمەندی تورک بریندار بوون.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا داوای لە لایەنە شەڕکەرەکان کردووە کە ڕێکاری بەپەلە و کردەیی بگرنە بەر بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاتوچۆی دەریایی لە دەریای ڕەشدا. هەروەها هۆشداریی داوە کە پەرەسەندنی گرژییەکان "دەرهاویشتەی نەرێنیی فرەڕەهەندی" دەبێت، بەتایبەتی لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهانی.

ئەم ڕێکارە نوێیانەی تورکیا لە کاتێکدایە کە بازرگانیی جیهانی بەهۆی شەڕی ئێران و کەمبوونەوەی قەبارەی هەناردە لە گەرووی هورمزەوە، تووشی ئاستەنگی گەورە بووە. هاوکات پەرەسەندنی هێرشەکان لە دەریای ڕەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گەنم بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.