داتاکانی فەرمانگەی گشتیی گومرگی چین نیشانی دەدەن کە ئاستی هەناردە و هاوردەکردنی ئەو وڵاتە لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا بەرزبوونەوەیەکی یەکجار گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەم زلهێزە پیشەسازییە توانی سوود لەو شەپۆلە جیهانییەی "ژیریی دەستکرد" (AI) وەربگرێت کە بووەتە هۆی زیادبوونی داواکاریی بێپێشینە لەسەر بەرهەمە تەکنەلۆژییەکانی چین.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ڕێژەی هەناردەکردنی چین لە مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەی 23.9% بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە، هاوکات ئاستی هاوردەکردنیش بە ڕێژەی 27.5% بەرزبووەتەوە، کە هەرچەندە کەمترە لەو بازدانەی لە مانگی حوزەیراندا تۆمار کرا، بەڵام هێشتا وەک نیشانەیەکی بەهێزی بووژانەوەی ئابووریی چین دەبینرێت. ئەم گەشە سەرسوڕهێنەرە لە کاتێکدایە کە چین ساڵی ڕابردوو توانیبووی زیادەیەکی بازرگانیی مێژوویی بە بڕی 1.2 تریلیۆن دۆلار بەدەست بهێنێت، کە یارمەتی کەرتی پیشەسازیی ئەو وڵاتەی دا تاوەکو قۆناغێکی درێژی سستیی بەکاربردنی ناوخۆیی تێپەڕێنێت.
بەپێی شیکردنەوەی داتاکان، هۆکاری سەرەکیی ئەم سەرکەوتنە بازرگانییە بۆ زیادبوونی داواکاریی کۆمپانیا جیهانییەکان دەگەڕێتەوە لەسەر ئامێرەکانی چارەسەرکردنی داتا و پارچە ئەلیکترۆنییەکانی تر، کە بەشێکی دانەبڕاون لە بونیادنانی ژێرخانی ژیریی دەستکرد لە جیهاندا.
ئامارەکان دەری دەخەن کە هەناردەی کۆمپیوتەر و پارچە یەدەگەکانی پەیوەندیدار بەو بوارە، لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە ڕێژەی 45.2% بازدانی بەخۆیەوە بینیوە، کە ئەمەش ڕێژەیەکی بێوێنەیە لە مێژووی پیشەسازیی تەکنەلۆژیای چیندا. ئەم گەشەسەندنە لە کاتێکدا تۆمار دەکرێت کە سیستەمی بازرگانیی جیهانی بەهۆی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێکچوونی ئاسایشی ڕێڕەوە ئاوییەکان لە ژێر فشارێکی یەکجار زۆردایە، بەڵام وا دیارە پێداویستییە تەکنەلۆژییەکان توانای تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگە ئەمنییانەیان هەبووە.
سەرەڕای بەردەوامیی "جەنگی بازرگانی" لە نێوان پەکین و واشنتن، داتاکان نیشانی دەدەن کە هەناردەی چین بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەی 17% زیادی کردووە.
ئەم بازرگانییە چڕە لە کاتێکدایە کە هەردوو وڵات زنجیرەیەک سزای قورسیان بەسەر یەکتردا سەپاندووە؛ دوای ئەوەی واشنتن چەندین باج و سزای نوێی بەسەر بەرهەمە چینییەکاندا سەپاند بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، پەکین-یش وەک پەرچەکردار ڕۆژی چوارشەممە بڕیاری دا بە سنووردارکردنی هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بۆ ئەمریکا و ناوی شەش کۆمپانیای ئەمریکییشی خستە ناو لیستی ڕەشەوە. ئەم ململانێیە سیاسییەی نێوان دوو گەورەترین ئابووریی جیهان، هاوکاتە لەگەڵ پێشبڕکێیەکی توندی تەکنەلۆژی کە تێیدا هەردوو جەمسەرەکە هەوڵ دەدەن باڵادەستیی خۆیان لە بواری ژیریی دەستکرددا بچەسپێنن، ئەمەش وای کردووە بازاڕەکانی جیهان بە وریاییەوە چاودێریی هەر جووڵەیەکی پەکین بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.