Erbil 31°C سێشەممە 04 ئاب 05:02

کارەبای سۆران هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

Kurdistan Ahmed
100%

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سۆران، ئاگادارییەکی بۆ هاوبەشانی کارەبا لە سنوورەکە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کە بە مەبەستی کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان تاوەکو بتوانن لە بڕیاری داشکاندنی 50%ی قەرزی کۆن سوودمەند بن، کاتی دەوامی بەشی فرۆشتنی وزەیان درێژ کردووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لەمەودوا فەرمانبەرانی بەشی فرۆشتنی وزە تاوەکو کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ لەسەر کارەکانیان دەمێننەوە. ئەم هەنگاوە ئامانج لێی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ ئەو هاوبەشانەی کە دەیانەوێت قەرزە کەڵەکەبووەکانی کارەبایان (ئەوانەی پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی بوون) پاکتاو بکەن و نیوەی بڕی قەرزەکەیان بۆ خۆش بکرێت.

کارەبای سۆران ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم داشکاندنە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەردەوام دەبێت و دوا وادە بۆ سوودمەندبوون لێی بریتییە لە ڕێکەوتی 10 / 9 / 2026. داواش لە هاوڵاتیان دەکرێت پێش ئەو وادەیە سەردانی فەرمانگەکان بکەن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان.

جگە لە سەردانی مەیدانی، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕێگەیەکی ئاسانتری بۆ هاوڵاتیان خستووەتە ڕوو؛ بەشداربووان دەتوانن لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی (E-Psula) یان "ئی-پسوولە"وە بە شێوەیەکی دیجیتاڵیی قەرزەکانی پێش پڕۆژەی ڕووناکی بدەن و بە هەمان شێوە لە داشکاندنی 50% سوودمەند بن.

ئەم بڕیارەی کارەبای سۆران لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ ڕێکخستنەوەی کۆکردنەوەی داهات و سووککردنی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی هاوڵاتیان، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.