Erbil 31°C سێشەممە 04 ئاب 11:27

له‌سه‌ر قه‌یرانی كۆچبه‌رانی مه‌غریب یه‌كێتیی ئه‌وروپا كۆده‌بێته‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئه‌مرۆ دووشەممە، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا داوای کرد وەڵامێکی هاوبەشی ئەوروپی دروست بكرێت بۆ بەهێزکردنی سنوورەکانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، ئەمەش دوای قەیرانی کۆچکردنی هاووڵاتییانی مه‌غریب لە سیوتا و ئەو گرژییە دیپلۆماسیانەی کە بەدوای خۆیدا هێنای.

لە نامەیەکدا بۆ پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، کە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، نووسیویەتی "ئەم ڕووداوە بە ڕوونی پێمان ده‌ڵێت كه‌ پێویسته‌ سنووره‌كانمان زیاتر به‌هێز بكه‌ین و ئاماده‌ بین بۆ هه‌ر ئاڵنگارییه‌ك.

سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا جەختی لەوەش کردەوە، "پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانمان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هه‌موو ئه‌وروپییه‌كانه‌."

لێشاوی بێ وێنەی کۆچبەرانی مه‌غریب له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی رابردوودا کە بە زۆر چوونە ناو ناوچەی سیوتای ئیسپانیا لە باکووری ئەفریقا، بووە هۆی دروستبوونی گرژییەکی تووند لە نێوان 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا. ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی دەیان هەزار کەس بە شێوەیەکی نایاسایی لە مەغریبەوە دەچنە ناو ئەو ناوچەیە.

دوای ئەو رووداوه‌ چەند وڵاتێکی ئەندام بە سەرۆکایەتی ئیتاڵیا و دانیمارک داوای ڕاگرتنی ئەندامێتی ئیسپانیایان لە ناوچەی شنگن كرد، ئەم داوایە کە لە ڕووی سیاسییەوە زۆر هەستیارە و لە ڕووی یاساییەوە جێبەجێکردنی بەپێی یاساکانی ئەوروپا مەحاڵە، ئه‌وه‌ش مەدریدی توڕە کردووە.

لای خۆیه‌وه‌، ئیسپانیا چەند وڵاتێکی بە هەڵوێستی "خۆپەرستانە" تۆمەتبار کرد و داوای کۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆی یەکێتی ئەوروپای کرد.

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەکە لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجام بدرێت.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.