سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیمەشق لەگەڵ سەرۆک کۆماری سووریا کۆبووەوە و ڕایگەیاند، پشتیوانیی خۆمان بۆ سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو دووبارە کردەوە کە تيایدا مافی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان پارێزراو بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای پەیامەکەیدا نووسیویەتی: خۆشحاڵ بووم کە ئەمڕۆ بە بانگهێشتى ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، سەردانی دیمەشقم کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە: "دوای ساڵانێکی زۆر لە نەهامەتی و ناخۆشی، ئێستا سووریا دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردهمدايه بۆ بووژانەوە، ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندن. متمانەی تەواوم بە ڕوانگەی ئەحمەد ئەلشەرع دەربڕی و جەختم لەوە کردەوە کە بە سەرکردایەتیی جهنابيان، سووریا دەتوانێت بەرەو سەقامگیریی زیاتر، خۆشگوزەرانی و داهاتوویەکی گەشتر بۆ سەرجەم پێكهاتەکانی گەلەکەی هەنگاو بنێت".
لە پەیامەکەیدا هاتووە: "پشتیوانیی خۆمان بۆ سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو دووبارە کردەوە کە تيایدا مافی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان پارێزراو بێت. هاوکات جەختمان لە گرنگیی ڕۆڵی ئەرێنیی سووریا لە پێشخستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەدا، کردەوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە: "وەک دراوسێ، سووریا و عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەنی گەلێک بەرژەوەندیی هاوبەشن و زەمینەیەکی زۆر و لەبار هەیە بۆ فراوانکردنی هاوکاریی ئابووريی نێوانيان لەپێناو بەرژەوەندیی گەلەکانماندا".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.