Erbil 31°C دووشەممە 03 ئاب 19:53

وردەکاریی دابەشکردنی بەنزین بە کارت؛ زیاتر لە 100 هەزار هاووڵاتی سوودمەند بوون

Rawand rebwar
100%

بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕێبین مەجید پەیامنێری (کوردستان تیڤی)، پڕۆسەی دابەشکردنی بەنزین لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە بەردەوامیی هەیە و تاوەکو ئێستا نزیكەی 25%ی هاووڵاتییان بەشە بەنزینی خۆیان وەرگرتووە.

لە ڕۆژی دووشەممەوە کە پڕۆسەکە دەستی پێکردووە، تاوەکو ئێستا 108,000 (سەد و هەشت هەزار) کەس لە ڕێگەی کارتەوە بەنزینیان وەرگرتووە. لە ئێستادا 323,000 هاووڵاتی دیکە ماون کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 6 ڕۆژی داهاتوودا پڕۆسەی دابەشکردن بەسەریاندا تەواو ببێت و قەرەباڵغیی وێستگەکان ڕوو لە کەمبوونەوە بکات.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان بە ڕێبین مەجید پەیامنێری (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند؛ کاتی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی دابەشکردنی بەنزین بەستراوەتەوە بە ڕێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە قۆناغی یەکەمدا. هەر کاتێک ڕێژەی وەرگرتن 75%ی تێپەڕاند، ڕاستەوخۆ دەست بە قۆناغی دووەم دەکرێت، کە بڕیارە 24 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی، بە فەرمی ڕابگەیەنرێت.

لە دوێنێوە بڕیاری توند دراوە کە سەرجەم بەنزینخانەکان تەنها بە کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی دابەش بکەن. بەپێی ڕێنماییەکان، هیچ وێستگەیەک بۆی نییە بەبێ کارتی ئەلیکترۆنی بەنزین بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکات.

سەبارەت بە شۆفێرانی تەکسی، پاس و بارهەڵگرە مامناوەندەکان کە پێویستیی ڕۆژانەیان بە سووتەمەنی هەیە، بابەتەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەی ورددایە. ئەگەری ئەوە هەیە بڕیارێکی تایبەتیان بۆ دەربچێت تاوەکو ڕۆژانە لە چەند وێستگەیەکی دیاریکراو، بەشە بەنزینی پێویستیان بۆ دابین بکرێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.