وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەیان بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی گوشارە سەربازی و ئابوورییەکان بەسەر ئێراندا، هەروەها پێداگریی کرد کە واشنتن هەوڵەکانی بۆ شوێنپێهەڵگرتن و دەستبەسەرداگرتنی پارە و دارایییەکانی ئێران لە سەرانسەری جیهاندا ڕاناگرێت.
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (فۆکس نیوز) ڕایگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا کار دەکات بۆ ڕاوەدوونان و شوێنپێهەڵگرتنی ئەو پارانەی ئێران کە لە دەرەوەی وڵاتدان. جەختیشی کردەوە کە گەمارۆی سەر تاران هاوشان لەگەڵ ڕێکارە سەربازی و ئابوورییەکان بەردەوام دەبێت، کە ئامانجیان کەمکردنەوە و سنووردارکردنی تواناکانی ئەو وڵاتەیە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە بڕێکی زۆر لە پارەکانی ئێران لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و دووپاتی کردەوە کە وەزارەتی گەنجینە بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بەردەوامە لە چاودێریکردن و شوێنپێهەڵگرتنیان.
سکۆت بیسێنت، ئاشکرای کرد کە واشنتن هەوڵ دەدات ئەو پارانە بگەڕێنێتەوە و ڕوونیشی کردەوە کە ئامانجەکە بریتییە لە پێشکەشکردنیان بە گەلی ئێران، لەگەڵ بەکارهێنانیان بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەن داواکارییە یاسایییەکان لە ئەمریکا و ئەوانەی بەهۆی ئێرانەوە زیانیان پێگەیشتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.