کەمیی ڤیتامین D لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا ڕەنگە سەرنج ڕانەکێشێت، چونکە نیشانەکانی بە تێپەڕبوونی کات و بە سستی گەشە دەکەن، زۆرجار وەک ماندوێتییەکی ئاسایی ڕۆژانە لێکدەدرێنەوە. بەڵام بەردەوامبوونی ئەم کەمییە کاریگەریی قووڵ لەسەر ئێسک، ماسولکە، کۆئەندامی بەرگری و ئاستی وزەی جەستە جێدەهێڵێت.
ماڵپەڕی "Verywell Health" لە ڕاپۆرتێکدا دیارترین ئەو نیشانانەی خستووەتە ڕوو کە دەکرێت ئاماژە بن بۆ کەمیی ڤیتامین D :
1. ماندوێتی و بێهێزی: یەکێکە لە باوترین نیشانەکان، کەمیی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو و ماندوێتییەکی زۆر لە کاتی ڕۆژدا، ئەمەش بەهۆی تێکچوونی هاوسەنگیی گەیەنەرە دەمارییەکانەوە ڕوودەدات.
2. ئازاری ماسولکە و جومگەکان: نزمبوونەوەی ئاستی ڤیتامین D پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە زیادبوونی هەوکردن لە جەستەدا هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازاری گشتی لە ماسولکە و جومگەکاندا.
3. زوو تووشبوون بە نەخۆشی: ڤیتامین D ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕێکخستنی سیستەمی بەرگریدا دەگێڕێت. کەمیی ئەم ڤیتامینە بەرگریی جەستە لاواز دەکات و وا دەکات مرۆڤ زووتر تووشی پەتا و هەوکردنە جیاوازەکان ببێت.
4. خەمۆکی و تێکچوونی مەزاج: توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کەمیی ڤیتامین Dدەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی ماددە کیمیاییەکانی مێشک، ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکی و خەمۆکیی وەرزی زیاد دەکات.
5. ئێسکە نەرمە لە منداڵاندا: بۆ گەشەی تەندروستی ئێسک لە قۆناغی منداڵیدا، ڤیتامین D زۆر پێویستە. کەمییەکەی دەبێتە هۆی نەخۆشیی ئێسکە نەرمە (Rickets) و شێوانی ئێسک و ددانەکان.
6. شکان و فشەڵبوونی ئێسک: لە تەمەنی گەورەییدا، کەمیی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چڕیی ئێسک و دروستبوونی فشەڵبوونی ئێسک، ئەمەش ئەگەری شکانی ئێسکەکان زیاد دەکات.
7. ڕەقبوونی دەمار (MS): پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان کەمیی ڤیتامین D و نەخۆشیی ڕەقبوونی دەمار (Multiple Sclerosis) هەیە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە کەمتر بەر تیشکی خۆر دەکەون.
8. نەخۆشییەکانی دڵ: کەمیی ڤیتامین D کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی بۆرییەکانی خوێن و ماسولکەی دڵ دادەنێت، ئەمەش مەترسیی جەڵتەی دڵ زیاد دەکات.
9. شەکرەی جۆری 2: کەمیی ئەم ڤیتامینە ئەگەری تووشبوون بە بەرگریی ئەنسۆلین و نەخۆشیی شەکرەی جۆری 2 (Type 2 Diabetes) زیاد دەکات، چونکە هەوکردنەکان لەم دۆخەدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.