Erbil 31°C دووشەممە 27 تەمووز 23:08

ترەمپ: ئێران داوای ڕاگرتنی بۆردومانەکانی کردووە و ئێستا لە گفتوگۆداین

100%

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی داوای لە واشنتۆن کردووە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی ڕابگرێت، لە ئێستاشدا هەردوولا لەناو پڕۆسەی گفتوگۆدان.

سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکی کتوپڕدا ئاشکرای کرد، کە تاران پەیوەندیی پێوە کردوون بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە. ترەمپ گوتی: ئێران داوای کردووە بۆردومانەکان ڕابگرین و ئێستا لە گفتوگۆداین. ئەم پەرەسەندنە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە واشنتۆن بڕیاری دا بە شێوەیەکی کاتی هێرشەکان ڕابگرێت تاوەکو دەرفەتێکی نوێ بە دیپلۆماسی بدرێت.

سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی گفتوگۆکان، ترەمپ جارێکی دیکە زمانێکی توندی بەرامبەر بە تاران بەکارهێنا و هۆشداری دا کە "هەموو بژاردەکانمان لە دژی ئێران لەبەردەستدایە". سەرۆکی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە ئەگەر گفتوگۆکان ئەنجامێکی ماناداریان نەبێت یان تاران جددی نەبێت لە ڕێککەوتن، ئەوا واشنتۆن بژاردە سەربازییەکان بەکاردەهێنێت.

ئەم وەرچەرخانە لە هەڵوێستی هەردوولادا دوای 13 شەوی بەردەوام لە بۆردومانی چڕی ئامانجە سەربازییەکانی ئێران دێت لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم). لەو ماوەیەدا ئەمریکا گەمارۆیەکی توندی دەریایی خستە سەر گەرووی هورمز و هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی پایتەختی ئێرانی کرد.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، داواکارییەکەی ئێران بۆ ڕاگرتنی بۆردومانەکان نیشانەی کاریگەریی ئەو فشارە سەربازییە قورسانەیە کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا خراونەتە سەر تاران. لە بەرامبەریشدا هەڕەشەکەی ترەمپ بۆ هێشتنەوەی هەموو بژاردەکان وەک کارتێکی فشار دەبینرێت تاوەکو ئێران ناچار بکات لەسەر مێزی دانوستان پاشەکشەی زیاتر بکات، بەتایبەتی لە دۆسیەی ئاسایشی دەریاوانی و بەرنامە سەربازییەکانیدا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.