سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی جاز لە شاری سانت پترسبۆرگی ڕووسیا کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا، کە تێیدا ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ لە مێژووی فێستیڤاڵەکەدا تۆمارکرا و ژمارەی سەردانیکەران 210,000 کەسی تێپەڕاند.
ئەم خولەی فێستیڤاڵەکە کە لە نێوان 20 بۆ 26ـی تەمموز بەڕێوەچوو، لە لایەن موزیکژەنی ناوداری ڕووسی ئیگۆر بۆتمان سەرپەرشتی دەکرا. لە ماوەی هەفتەیەکدا، زیاتر لە 170 کۆنسێرتی جۆراوجۆر بە بەشداریی 600 موزیکژەن لە ڕووسیا و وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە پێشکەش کران. چالاکییەکان لە چەندین شوێنی دیاری شارەکە وەک پارکی یوسوبۆف، گۆڕەپانی هونەرەکان، پارکی تاورید و مۆزەخانەی پیتەرهۆف بەڕێوەچوون.
لە فێستیڤاڵەکەدا کۆمەڵێک لە ئەستێرە گەورەکانی جیهان بەشدارییان کرد، لەوانە نیکۆلاس پایتۆن موزیکژەنی ئەمریکی و براوەی خەڵاتی (Grammy) و تیپە موزیکییەکەی، لەگەڵ تیپی جازی ئیگۆر بۆتمان و ئۆرکێسترای فیلارمۆنیکی کالینینگراد و چەندین هونەرمەندی دیکەی ڕووسی و بیانی.
جگە لە کۆنسێرتەکان، بەرنامەی ئەمساڵ چەندین چالاکیی پەروەردەیی و فێرکاریی بێبەرامبەری لەخۆگرتبوو کە بۆ یەکەمجار لە دار الکتبی شارەکەدا ڕێکخران. هەروەها لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا، ئەنجامی سێیەمین پێشبڕکێی نیشتمانیی ڕووسیا بۆ ئاوازدانەرانی جاز ڕاگەیەندرا. بڕیاریشە بەشێک لە کۆنسێرتەکانی ئەم فێستیڤاڵە لە یانە و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی شارەکەدا تاوەکو مانگی ئاب بەردەوامییان هەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.