دوای سەردانە فەرمییەكانی بۆ ئەمریكا و ئێران، بڕیارە عەلی زەیدی سەرۆکی وەزیرانی عێراق لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دوو سەردانی فەرمی دیكە بۆ هەردوو وڵاتی تورکیا و سعوودییە ئەنجام بدات، لەم سەردانەدا لەگەڵ كەسی یەكەمی ئەو وڵاتانە تاوتوێکردنی دۆسییەکانی ئاسایش، ئابووری و وەبەرهێنان و بارودۆخی هەرێمی ناوچەكە دەكات.
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، عەلی زەیدی دووسبەی سێشەممە بەرەو ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێ دەکەوێت و لەوێ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كۆببێتەوە.
چاوەڕوان دەكرێت لەم سەردانەدا عەلی زەیدی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای توركیا دۆسییەكانی بەهێزکردنی هاوکاریی ئاسایش، ئابووری و وەبەرهێنانەکان، هەروەها دۆسیەکانی نەوت و وزە، زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و چەندین پرسی هەرێمی و نێودەوڵەتی دیكە، تاوتوێ بكەن.
دواتر سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بە سەردانێكی فەرمی دیكە دەگاتە وڵاتی سعوودییە.
بڕیارە لەو سەردانەدا لەنێوان عێراق و سعوودییە چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن لە کەرتە جیاوازەکاندا ئیمزا بکرێن، بابەتی دیكەی كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودییە میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئاسایشی نێوان بەغدا و ڕیاز دەبێت.
ئەمە لەكاتێكدایە كە عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە رۆژانی رابردوودا سەردانی فەرمی بۆ واشنتۆن و تاران ئەنجامدابوو، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران كۆببووەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.