لە یادی حەڤدەیەمین ساڵەی ڕاگەیاندن و دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕاندا، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان برووسکەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی، کادیران و ئەندامانی بزووتنەوەکە دەکات.
دەقی برووسکەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان:
لە یادی حەڤدەیەمین ساڵەی ڕاگەیاندن و دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕاندا، گەرمترین پیرۆزباییی خۆمان ئاراستەی بزووتنەوەکە و سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگرانی دەکەین و، ئومێدەوارین لە خەباتی مەدەنی و ڕیکخراوەییدا لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بەردەوام بن.
لەم یادەدا، پێگە و ڕۆڵی بزووتنەوەی گۆڕان لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا بەرز دەنرخێنین.
لە هەمان کاتدا، جەخت لەسەر گرنگیی یەکڕیزی، تەبایی و هەماهەنگیی نێوانمان و تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەینەوە، بۆ ئەوەی پێکەوە پارێزگاری لە دەستکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان بکەین و، تەواوی مافە دەستوورییەکانمان بەدەست بهێنین.
جارێکی دیکە ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆز دەکەین، هیوادارین هەمیشە سەرکەوتوو بن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
25ـی تەمموزی 2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.