Erbil 31°C شەممە 25 تەمووز 23:57

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە تەواوکردنی پڕۆژەی ڕێگای سەنگاو-دەربەندیخان نزیک دەبێتەوە

100%

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە پڕۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگای ستراتیژیی نێوان "سەنگاو و دەربەندیخان" گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە ڕووی هاووڵاتییاندا بکرێتەوە. ئەم پڕۆژەیە دوای ئەوە دێت کە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە، لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا بەردی بناغەکەی دانا و بەڵێنی تەواوکردنی ڕێگاکەی بە دانیشتووانی ناوچەکە دا.

پڕۆژەکە درێژییەکەی 18 کیلۆمەترە و بە 4 قۆناغی جیاواز جێبەجێ کراوە. جێی ئاماژەیە کە ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی چەمچەماڵەوە ئەنجام دەدرێت، کە ئەمەش بەشێکە لە پلانی وەزارەت بۆ خزمەتکردنی گوند و ناحیە و قەزاکان و کەمکردنەوەی تێچووی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.

بەپێی دواین ئامارەکان، ڕێژەی کارکردن لە پڕۆژەکەدا 85%ی تێپەڕاندووە و تەنها بەشێکی کەمی کارە هونەرییەکان ماون بۆ ئەوەی بە تەواوی کۆتایی پێ بێت. بە تەواوبوونی ئەم ڕێگایە، زیاتر لە 40 گوندی سنوورەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سوودمەند دەبن و کارئاسانییەکی گەورە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گواستنەوەی کاڵا لە نێوان سەنگاو و دەربەندیخاندا دروست دەبێت، کە پێشتر بەهۆی خراپیی ڕێگاکەوە تووشی گرفت دەبوون.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.