Erbil 31°C پێنجشەممە 23 تەمووز 11:58

ئەمریکا ناسنامەی سێیەم سەربازی کوژراوی لە ئوردن ئاشکرا کرد

Kurdistan Ahmed
100%

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە فەرمی ناسنامەی سێیەم سەربازی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد کە لە هێرشەکەی 17ی تەممووزی 2026ی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی لە ئوردن کوژراوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی بۆردومانە چڕەکانی واشنتۆن بۆ سەر خاکی ئێران.

سەربازەکە ناوی (ئەنجێڵ ڕامپەرساد) تەمەنی 28 ساڵە، خەڵکی ویلایەتی نیویۆرکە.

پێنتاگۆن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ڕامپەرساد لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکدا لە بنکەی ئاسمانیی (موەفەق سەڵتی) لە ئوردن کوژراوە. ناوبراو پێشتر وەک بێسەروشوێن تۆمار کرابوو، بەڵام دوای دۆزینەوەی پاشماوەی تەرمەکەی و ئەنجامدانی پشکنین، مردنەكەی پشتڕاست کرایەوە.

کوشتنی ئەم سەربازە لە کاتێکدا ڕادەگەیەنرێت کە سوپای ئەمریکا بۆ 11هەمین شەوی بەردەوام (شەوی سێشەممە) ئامانجە سەربازییەکانی لە ناو جەرگەی ئێران بۆردومان کرد. لە بەرامبەریشدا ئێران بە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە ئامانجگرتنی هاوپەیمانەکانی واشنتۆن وەڵام دەداتەوە.

بە کوژرانی ڕامپەرساد، کۆی ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئەمریکا لەوەتەی ئەم شەڕە دەستی پێ کردووە گەیشتە 18 کەس. پێنتاگۆن پێشتر ناسنامەی دوو سەربازی دیکەی هەمان هێرشی ئوردنی بڵاوکردبووەوە کە بریتین لە:

تایلەر جەیمس فیھان (25 ساڵ) خەڵکی هاوایی.

ئیسابێلا گۆنزالێس (19 ساڵ) خەڵکی تەکساس.

ئەم سێ سەربازە وەک یەکەم قوربانییەکانی ئەمریکا دادەنرێن کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران لەم ململانێیەدا کوژرابن. هەروەها سەربازێکی دیکە بە ناوی مایکل ئیمانوێل سوینتۆن (30 ساڵ) ڕۆژی یەکشەممە لە ڕووداوێکی جیاوازدا لە شاری هەولێر گیانی لەدەست دا.



لای خۆیەو كاتی هوچڵ پارێزگاری نیویۆرک سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ڕامپەرساد کرد و ڕایگەیاند کە تەواوی ویلایەتەکە بۆ لەدەستدانی ئەو سەربازە خەمبارە.

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی دۆڤەر لە ویلایەتی دێلاوێر ئامادەی مەراسیمی فەرمیی گەڕانەوەی تەرمی سەربازەکان بێت. ترەمپ پێشتر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو کە هێزەکانیان لەپێناو ئەوە دەجەنگن تاوەکو ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.