Erbil 31°C دووشەممە 06 تەمووز 23:43

سامى سڵێمان یوسف، ژێی عه‌شق و سۆڵۆی ژیان   

100%

سۆڵۆى کلارنێته‌کەى تیپى مەولەوى لەغوربەتەوە..!

هەر وێنەیەکى دوێنێى کەسایەتى و شاعیر و نووسەر و هونەرمەندان ، ئەگەر بەووردى لێی بڕوانى و  بەدواداچوونى بۆبکرێت ، بێگومان چیرۆکێک لەپاشخانى وێنەکەدا بوونى هەیە ، وەک خۆم زۆرجار وێنەیەک کەوتۆتە بەچاوم بۆتە هەوێنى نووسینى بابەتێک دەربارەى ئەو هونەرمەندەى ناو وێنەکە، لەگەڵ ڕوانینم بۆ وێنەى هونەرمەندانى تیپى مۆسیقاى مەولەوى (خولى دووەم) هەمیشە ژەنیارى ئامێرى کلارنێتى تیپى ناوبراو سەرنجى ڕادەکێشام و خواستم بوو کە بگەڕێم و بپرسم تا زانیارى دەربارەى ژیانى هونەریی ئەو هونەرمەندە کۆبکەمەوە و بیخەمە بەردیدەى ئازیزان  و وەبیر ئەو نەوەیەى ئێستاى بهێنمەوە کە ڕۆژانێک بووە.

  ئەم هونەرمەندە بەهەست و سۆزو سۆڵۆى ئامێرەکەى (کلارنێت) خزمەتى بەهونەرى موزیک و گۆرانى کوردى کردووە ، بەمەبەستى پەیداکردنى زانیارى دەربارەى ئەو هونەرمەندە، هانام بردە بەر هونەرمەند (خه‌سره‌و محه‌مه‌د فه‌تاح) ژەنیار و ئه‌ندامی دێرینی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی.

بەسوپاس و پێزانینێکى زۆرەوە هاوکارم بوو ، پێی ڕاگەیاندم ئەو هونەرمەندە هاوڕێی لەمێژینەم و هاوپیشەم کاک (سامى سڵێمان یوسف) ە ، سوپاس بۆ پەروەردگار لەژیاندایەوە لە

(سوید) دەژى.

دواى وەرگرتنى ئەو زانیارییە  کەوتمە پێوەندى لەگەڵ هونەرمەند   (سامى سڵێمان یوسف) ئەندامى دێرینى  کۆمەڵ و هونەرو وێژەى کوردى مەڵبەندى گشتى سلێمانى و تیپى مۆسیقاى مەولەوى، لەڕێی پەیوەندى تەلەفۆنییەوە  هەندێک دەم و دوومان کردوو زانیاریم دەربارەى مێژووى  ژیانى هونەریی لێوەرگرت.

زیاتر مەبەستم بوو وەک ئەرکێکى سەرشانم ، ئاوڕێک لەو هونەرمەندە بدرێتەوە و کێوماڵێک بەنێو ژیانى کۆمەڵایەتى و هونەریی هونەرمەند سامى سڵێمان دا بکەین و ڕێز لەمێژووى تێکۆشان و خزمەتى بەهونەرى موزیک و گۆرانى کوردى بگرین.

بەرلەوەى لاپەڕەکانى ژیانى هونەرمەند سامى سڵێمان یوسف هەڵبدەینەوە، بەپێویستى دەزانم وەک وەفا و ڕێزو ئاوڕێک لە گەورە هونەرمەندانى بوارى موزیک و گۆرانى کوردى بدەینەوە کە کۆمەڵێک هونەرمەندى ئاینزاى کریستیان ڕۆڵێکى بەرچاو گرنگیان هەبووە  لە فێرکردن و پێگەیاندنى منداڵانى کورد لە بوارى  ئاشنابوون و ژەنینى ئامێرەکانى موزیک و هەروەها پێگەیەکى گرنگ بوون لەدروست بوون و دامەزراندنى تیپى مۆسیقا  لەتەواوى کوردستان.

 ئەو هونەرمەندانەش یادیان بەخێر کە هەندێکیان بەجەستە بەجێیان هێشتووین  وەک ( ولیەم یوحەنا 1934_14/9/2005 سلێمانى) ، (سێوە 1891_9/12/1963 کۆیە) ، ( باکوورى  5/11/  1928 کۆیە_2/11/2022  هەولێر) ، ( فەرید داود یوسف1941_31/5/2007 سلێمانى )،( جان تۆماس جانۆ 4/4/1947کۆیە _ 6/7/2023 هەولێر)  ڕۆحیان شادبێت،سوپاس بۆ پەروەردگار هەندێکى دیکە لەژیاندان وەک ( فەرید عیسا نەزەر 1942 سلێمانى) ، (ئەلبێرت عیسا نەزەر15/4/1951 سلێمانى)،  و ....تاد .

هونەرمەند (سامى سڵێمان یوسف)  بابزانین کێیە؟

لەگەڕەکە دێرینەکەى (گۆیژە) ى شارى سلێمانى لەپشتى ئامادەیی سلێمانى کچان، لەڕێکەوتى ( 1/7/1952)   لەخانەوادەیەکى ئاینزاى کریستیان لەدایکبووە، لەوەرزى خوێندنى ساڵى (1958 بۆ 1959) خراوەتە بەرخوێندن لەقوتابخانەى ( ئیبن خەلەکان) ى سەرەتایی،  لەساڵى (1966) چۆتە قۆناغى ناوەندى لە ناوەندى ( شۆڕش) ى کوڕان ، جێی داخە هونەرمەند توانیویەتى تا پۆلى دووى ناوەندى بخوێنێ و لەقوتابخانە دوور دەکەوێتەوە.

پرسیار: لەچ قۆناغێکى  تەمەنتدا هەستت بەبەهرەى هونەرى کرد؟

هونەرمەند سامى سڵێمان:

دەتوانم بڵێم لە قۆناغى منداڵیمەوە ، زیاتر لەپۆلى چوارى سەرەتایی و بەهۆى وانەى سروود و ڕیزکردنى بەیانیانى نێو گۆڕەپانى قوتابخانە و  وتنەوەى سروودەکانى ئەو سەردەمە ، هەروەها گوێگرتن لەڕادیۆ و بیستنى گۆرانى هونەرمەندان ئەوانە چێژیان پێدەبەخشیم و هەستم دەکرد شتێک لەناخمدا بوونى هەیەو زیاتر بەرەو موزیک و گۆرانى ڕایدەکێشام.

پرسیار: بۆ ئامێرى ( کلارنێت) تان کردۆتە ئامێرى  دڵخوازتان؟ کاریگەرى کام هونەرمەندتان  لەسەر بووە  بۆ هەڵبژاردنى کلارنێت ؟

هونەرمەند سامى سڵێمان :

 وەک ئاماژەم پێدا زیاتر لەڕێی ڕادیۆوە و پەخشکردنى گۆرانى هونەرمەندان منى پەلکێش دەکرد بەرەو ئەو جیهانە خۆشەى موزیک ، لەناو تیپە مۆسیقیەکەدا ئامێرێک زۆر سەرنجى ڕادەکێشام  سەرەتا نەمدەزانى چییە؟ بەڵام دواتر بۆم ڕوون بۆوە  کە ئەوە ئامێرى (کلارنێت)ـە، ئەویش چۆن ؟

گۆرانییەک هەبوو  ناوى ( ڕووناک تۆى ئاواتم)  ئامێرى کلارنێتى تێدا دەژەندرا، ئەگەر هەڵە نەبم  ژەنیارەکە ڕەحمەتى (قادر دیلان) بوو !

بۆزانیاریی زیاتر و دۆزینەوەى  ناوى گۆرانیبێژەکە گەڕام  ئەو گۆرانییە ( ڕووناک تۆى ئاواتم)  هونەرمەند ( جەمال جەلال 1942_ 21/8/2016)  لەڕادیۆى کوردى بەغدا خوێندوویەتى و تۆمارى کردووە دۆزیه‌وه‌.

  لە هۆنراوەى شاعیر ( عوسمان عوزێری 1936_1966 )  و ئاوازى ( ڕه‌زا عه‌لی ) و ئامادەکردنى موزیکى گۆرانییەکە  هونه‌رمه‌ندی مۆسیقاژه‌ن و گۆرانیبێژ و ئاوازدانه‌ر ( قادر دیلان 1928_ 18/3/1999) بووە ( نووسەر) .

هونەرمەند سامى سڵێمان دەڵێت، جیا لەژەنینە خۆشەکەى هونەرمەند ( قادر دیلان) لەڕێی ئەو گۆرانییەوە کاریگەرى لەسەرم دانا ، دواى ئەویش هونەرمەند ( موئەیەد قوستەنتین) کەلەتیپى مۆسیقاى سلێمانى  بوو ، کاتێک گوێم لێیان دەگرت بەڕاستى هەست و سۆزێکى زۆر خۆشیان پێ دەبەخشیم و زیاتر هەست و ڕۆحم پەلکێش دەبوو بەرەو موزیک و ئامێرى کلارنێت .

پرسیار: دواى ئەوەى وازت لەخوێندن هێنا، لەچ ڕێگایەکەوە ئاشنا بوویت بەموزیک و ئامێرى کلارنێت ؟

هونەرمەند سامى سڵێمان:

 کاتێک لەپۆلى دووى ناوەندى وازم لەخوێندن هێنا لەڕێکەوتى (1/6/1970) ڕووم کردە قوتابخانەى مۆسیقاى سەربازى لەشارى بەغدا ماوەى سێ ساڵ وەک خولى مۆسیقا لەوقوتابخانە سەربازییە خوێندم و بڕوانامەم بەدەست هێنا ، پاشان خۆم گواستەوە بۆ تیپى ( جوق و مۆسیقاى سەربازى) لەشارى کەرکوک ، لەوێ ئاشنایەتى و برادەرایەتیم لەگەڵ هونەرمەند (خه‌سره‌و محه‌مه‌د فه‌تاح 1953 سلێمانى)  پەیداکرد.

  کاک خەسرەو ساڵێک پێش من بوو بڕوانامەى مۆسیقاى لەسەر ئامێرى (ساکسیفۆن)  بەدەستهێنابوو، لێرەوە کاروانى هونەریمان پێکەوە بەردەوام بوو، هەروەها لە شارى کەرکووک ئاشنایەتى و دۆستایەتیمان  لەگەڵ هونەرمەندى گەورە ڕۆحى شادبێت ( شەوکەت ڕەشید1930_17/4/1991) هەبوو  چونکە ئەویش لەتیپى  جوق و مۆسیقاى سەربازى کەرکوک بوو.

پرسیار: کاتێک لەبەغدا لەقوتابخانەى ( مۆسیقاى سەربازى) لەسەر چ ئامێرێک دەتانخوێند؟

هونەرمەند سامى سڵێمان:

لەسەرەتاى  خوێندنەکەمەوە لەو قوتابخانەیە  لەسەر ئامێرى کلارنێت بوو ، چونکە پێشتر ئاماژەم پێدا لەژێر کاریگەرى ژەنینى  کلارنێتى ئەو دووهونەرمەندە بەرێزەدا بووم  و لەسەرەتاوە ئامێرى کلارنێتم هەڵبژارد.

 پرسیار: هەرلەشارى کەرکووک مانەوە و درێژەتان بەکارى هونەریی دا ؟

هونەرمەند سامى سڵێمان:

 تائەوکاتەى لەشارى کەرکووک بووم بەشداریم لە  کارو چالاکییە هونەرییەکانى تیپى جوق و مۆسیقاى سەربازى دا کردووە ، دواى چەند ساڵێک  بیستم کەلەشارى سلێمانى تیپى جوق و مۆسیقا کراوەتەوە و منیش داوام کرد  و خۆم گواستەوە  بۆشارى سلێمانى .

پرسیار: ئەگەر لەیادتان بێت کەى  پەیوەندیتان بە کۆمەڵى و هونەر و و ێژەى کوردى مەڵبەندى گشتى سلێمانى  یەوە کرد؟

هونەرمەند سامى سڵێمان:

 من و هاوڕێی هونەرمەندم کاک خەسرەو قۆناغە هونەرییەکانمان هەموو پێکەوە بوو ،لەساڵى ( 1975) من و  کاک خەسرەومحەمەد فەتاح ، هەردووکمان  وەک ژەنیارى مۆسیقا، ئەو سەکسیفۆن و منیش کلارنێـت پەیوەندیمان بە کۆمەڵى و هونەر و وێژەى کوردى  مەڵبەندى گشتى سلێمانى یەوە بەشى مۆسیقا کرد، بەردەوام بووین لەکارو چالاکییە هونەرییەکانى کۆمەڵ تا  دامەزراندنى تیپى مۆسیقاى مەولەوى جارێکى دیکە لەسلێمانى.

كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی ، مه‌ڵبه‌ندی گشتی له‌شاری سلێمانی له‌ڕێكه‌وتی ( 31/12/1969) به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی داده‌مه‌زرێت، به‌شی گۆرانی و مۆسیقا و هه‌ڵپه‌ڕكێ یەکێک بووە لەبەشەگرنگەکانى کۆمەڵ، له‌و كاته‌دا هونه‌رمه‌ند ( شه‌وكه‌ت ڕەشید) سه‌رپه‌رشتیاری به‌شی مۆسیقا‌ و  هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (نامدار قه‌ره‌داخی1951 هەڵەبجە)  لێپرسراوی دووه‌می به‌شی مۆسیقا بووه ( نووسەر).

پرسیار:  تا کەى لەناو بەشى موزیک و گۆرانى  کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى  کارى هونەریتان  ئەنجامدا ؟

هونەرمەند سامى سڵێمان:

ئێمە لەناو کۆمەڵ بەشدارى  هەموو چالاکییە  هونەرییەکانمان دەکرد ، بەردەوام بووین  تا ساڵى (1977) تا تیپى مۆسیقاى مەولەوى  دامەزرا.

 سەرەتاى  دامەزراندنى تیپى مۆسیقاى مەولەوى ( خولى دووەم) لەساڵى (1977) بوو ، هەموو ئەندامەکانى پێشتر لەناو کۆمەڵى هونەرو وێژەى کوردى ئەندام بوون ، لە مامۆستا و هونەرمەند ( نامدار قەرەداخى ) یم  پرسیی باس لەو سەرەتایەو هاتنە دەرەوەیان لەکۆمەڵ دەکات  و له‌وه‌ڵامدا پێی ڕاگه‌یاندم : (هه‌روه‌ك چۆن هونه‌رمه‌ندانی (تیپی نواندن و مۆسیقای سلێمانی) له‌گه‌ڵ یه‌ك نه‌گونجان و بوون به‌ دوو تیپ.

 ئێمه‌ش له‌ كۆمه‌ڵى و هونه‌ر و  وێژه‌ی كوردیدا كه‌له‌به‌شه‌كانی  شێوه‌كاری ، نواندن ، وێژە و موزیك و هه‌ڵپه‌ڕكێ ) پێكهاتبوو، نه‌گونجاین و ساڵی 1977 هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی بواری گۆرانی و موزیك هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ و ( تیپی مۆسیقای مه‌وله‌ویمان دامه‌زراند .

 ڕاسته‌ له‌ساڵی (1977)  ئه‌و تیپه‌ مۆسیقییه‌مان دامه‌زراند ، به‌ڵام له‌ڕێكه‌وتی ( 25/6/1978) مۆڵه‌تی فه‌رمی مان  وه‌رگرت  و لەسەرەتاوە به‌وپه‌ڕی دڵسۆزیی و له‌خۆبوردوویی یه‌وه‌ خزمه‌تمان به‌شاره‌كه‌مان و هونه‌ری مۆسیقاو گۆرانی كوردی كرد.

پرسیار: لەدامەزراندنى تیپى مۆسیقاى مەولەوى (خولى دووەم)  ساڵى 1977 لەسەرەتاوە  بەڕێزتان  بوون بەئەندام  ؟

هونەرمەند سامى سڵێمان:

بەڵێ بەخۆشحاڵییەوە هەرلەسەرەتاى دامەزراندنى تیپى مۆسیقاى مەولەوى من یەکێک بووم  لەدامەزرێنەرانى تیپ لەگەڵ هاوڕێ هونەرمەندەکانم  وەک: مامۆستا نامدار قەرەداخى ، خەسرەو محەمەد فەتاح ، حەمەسەعید عەبدوڵلا  و عەلى حەمە ڕەزا و ..تاد بمبوورن  لەئێستادا ناوەکانم لەبیر نەماون ، هەمیشە شانازیی بەو ڕۆژانەوە دەکەم  کەلەگەڵ ئەو هاوڕێ هونەرمەندانەم لەتیپى مۆسیقاى مەولەوى خزمەتى هونەرى نەتەوەکەم کردووە.

پرسیار: ئەو هونەرمەندانەى لەگەڵ تیپى مۆسیقاى مەولەوى موزیکت بۆ ژەنیون لەیادتان ماوە ؟

هونەرمەند سامى سڵێمان:

بەهۆى ئەوەى (30) ساڵە لەتیپى مۆسیقاى مەولەوى و لەکوردستان دابڕاوم ، بمبوورن  ئەگەر ناوى هونەرمەندانى گۆرانیبێژ لەیاد بکەم، ئەوەى دێتەوە یادم  هونەرمەندانى دەنگخۆش و بەهەڵوێست  وەک  شەهید قادر کابان ، سەلاح مەجید، حەمەى نێرگز ، عوسمان عەلى، ئیبراهیمى خەیات، محەمەد ئیبراهیم عەبدول ، حەمە جەزا و ناسرى ڕەزازى  و ... تاد ، لەسەرەتاى دامەزراندنى تیپى مۆسیقاى مەولەوى  من وەک ژەنیارى کلارنێت لە سلێمانى، هەولێر ، شەقڵاوە ، دهۆک و هەروەها لەبەغدا بەشدارى هەموو چالاکییە هونەرییەکانم کردووە.

  پرسیار: بەرێزتان  ئێستا لەدەرەوەى کوردستانن و دەکرێت بزانین کەى بوو  لەتیپى مۆسیقاى مەولەوى دابڕایت ؟

هونەرمەند سامى سڵێمان:

 لەدواى ڕاپەڕینى بەهارى  ساڵى (1991) لەهونەر  و تیپى مۆسیقاى مەولەوى دابڕام ، بەهۆى بارودۆخى سیاسی و لایەنى ئابووریی وڵات ، چونکە ئەرکێکى زۆرى ژیانم لەسەربوو ، ئەرکى بژێوى سێ خێزانم کەوتبووە ئەستۆ  ئەو کاتەش ئابڵووقەى ئابووریی و ژیان زۆر سەخت بوو، نەمدەتوانى لەکارى هونەرى بەردەوام بم.

تا لەساڵى (1996) وە بڕیارمدا و کوردستانم بەجێهێشت و لەو ساڵەوە  لەشارى  ( یۆتۆبۆرى ) وڵاتى سوید نیشتەجێم.

پرسیار :  لەماوەى ئەو چەندین ساڵە کەلەسوید دەژیت ، درێژەتان بەکارى  هونەریی نەدا! ، یان پەیوەندیتان بەهیچ گرووپێکى موزیکى کوردى لەهەندەرانەوە نەکرد؟

هونەرمەند سامى سڵێمان:

بەداخەوە لەهونەرى موزیکژەنین دابڕام ، چونکە ژیانى غوربەت  و کارکردن بووە لەمپەر لەبەردەم ژیانى هونەریم، هەروەها هیچ موزیکژەنێکى کورد لێمەوە نزیک نەبوو، بەڵام بۆهەمیشە ئامێرە دڵخوازەکەم هاوڕێمەوە هەمیشە پێکەوەین و هەردەرفەتێکم بۆبڕەخسێ لەماڵەوە خۆمى پێوە سەرقاڵ دەکەم و دەست دەکەم بەژەنینى پارچەیەک موزیک.

زۆر سوپاس بۆ وەڵامەکانت و ماندوومان کردیت، هیواى سەرفرازى و تەمەندارىو بەختەوەریتان بۆدەخوازین .

هونەرمەند سامى سڵێمان:

نا تکایە من سوپاستان دەکەم دواى ئەو چەندین ساڵە ئێوە توانیتان من بدۆزنەوە و ئاوڕێک لە من و مێژووى هونەریم بدەنەوە، هیوادارم توانیبێتم  بەپێى پێویست  وەڵامى پرسیارەکانم دابێتەوە ، شتێکى دیکەش مەبەستمە بیدرکێنم  من وەک هونەرمەندێکى ژەنیارى ئامێرى کلارنێت لەدەستپێکى کارى هونەریمەوە تا ئەو ڕۆژەى کوردستانم بەجێهێشت ، هیوادارم  ئەوکارانەى کردوومە بچێتە خانەى خزمەت کردن بەهونەرى موزیک و گۆرانى نەتەوەکەم.

جەمال عومەر/  جەمالى دەلاک – سلێمانی  

کولتوور و هونه‌ر هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.