سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی تەممووزی 2026، ڕێوڕەسمێکی فراوان بۆ ئاڵوگۆڕ و ڕێزلێنان لە بەڕێوەبەرانی چەند دامودەزگایەکی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لە دیوانی سەرۆکایەتیی شارەوانی ئەنجامدرا.
ئەم گۆڕانکارییە کارگێڕییانە کۆمەڵێک پۆستی هەستیاریان گرتەوە، کە دیارترینیان بریتین لە هەر 6 بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی (1، 2، 3، 4، 5، 6) لە ناو شاری هەولێر. هەروەها ئاڵوگۆڕ لە پۆستی بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی، ژینگهپارێزی و خزمەتگوزاری، ئەندازەی پارکەکان، و بەڕێوەبەری فەرمانگەی پارکی سامی عەبدولڕەحمان کرا.
لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا، سوپاس و پێزانین ئاراستەی ئەو بەڕێوەبەرانە کرا کە لە ماوەی ڕابردوودا خزمەتیان کردووە و ڕۆڵیان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا هەبووە. هاوکات بەڕێوەبەرە نوێیەکان ناسێنران و دەستبەکاربوونیان ڕاگەیەندرا. بەرپرسانی ئامادەبوو جەختیان کردەوە کە ئەم هەنگاوە بە مەبەستی نوێکردنەوەی وزەی دامەزراوەکان و بەردەوامبوونی پڕۆسەی گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان نراوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم گۆڕانکارییانەوە ئامانجیەتی هاوئاهەنگیی نێوان فەرمانگەکان چڕتر بکاتەوە تاوەکو کارەکان خێراتر ڕایی بکرێن. لە کۆتایی مەراسیمەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێویستە بەرژەوەندیی گشتی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە پێشینەی کارەکانی هەموو بەڕێوەبەرە نوێیەکان بێت بۆ ئەوەی سیمای پایتەخت بەرەو ئاستێکی باشتر ببرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.